رووداو - تەندروستی
بەکتریای پووکی هەوکردوو دەتوانێت لەڕێگەی خوێنەوە بگاتە مێشک و دڵ، ئەمەش مەترسییەکی جدی بۆ تەندروستیی گشتی دروست دەکات، بۆیە کێشەکانی پووک تەنیا کێشەیەکی نێو دەم و ددان نییە.
د. کیونکۆ کۆ، پسپۆڕی دەم و پووک لە زانکۆی نیویۆرک دەریخستووە، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش و بەشداربووان ئاشکرای کرد کە بەکتریای (Porphyromonas gingivalis) کە هۆکاری هەوکردنی پووکە، دەتوانێت بگاتە مێشک.
بەپێی توێژینەوەکە، ژەهری ئەم بەکتریایە کە بە (Gingipains) ناسراوە، دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی پرۆتینی (Beta-amyloid) لە مێشکدا. ئەمەش زیان بە خانەکانی مێشک دەگەیەنێت و پەیوەندی بە سەرهەڵدانی نەخۆشیی ئەڵزەهایمەرەوە هەیە.
د. نیکۆڵ سەینت کلێر لە زانکۆی واشنتۆن ئاماژە دەدات، هەندێک بەکتریای پووکی ددان دەچنە نێو سووڕی خوێنەوە و دەبنە هۆی هەوکردن و رەقبوونی خوێنبەرەکان کە مەترسیی جەڵتەی دڵ زیاد دەکات.
بۆ خۆپاراستن لەم مەترسییانە، پزیشکانی توێژینەوەکە رێنوێنی دەدەن؛
- بەکارهێنانی فڵچە و هەویری ددان رۆژانە دوو بۆ سێ جار.
- بەکارهێنانی پەتی ددان رۆژانە بۆ لابردنی پاشماوەی خۆراک.
- پشکنینی ساڵانە بۆ لای پزیشکی ددان بۆ چارەسەرکردنی خێرای هەر هەوکردنێکی پووک بەر لەوەی زیان بە ئەندامەکانی دیکەی جەستە بگەیەنێت.



