رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا کراوە، دەریخستووە کە وازهێنان لە کارکردن هیچ جیاوازییەکی بەرچاو لەسەر هەستی تەنیایی دروست ناکات.
د.یۆهانیس کەنز، سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە لە سەنتەری ئابووریی تەندروستیی زانکۆی مۆناش، دەڵێت: "زۆر کەس وازهێنان لە کار وەک هەنگاونان بەرەو تەنیای دەبینن، کە تێیدا هاوکار ورۆتین و ناسنامەی خۆیان لەدەست دەدەن، بەڵام توێژینەوەکەی ئێمە ئەمەی نەسەلماند."
لە توێژینەوەکەدا بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە چاودێریی زیاتر لە 7 هەزار ئوسترالیی تەمەن 55 بۆ 75 ساڵ کراوە و دەرکەوتووە کە ئاستی تەنیایی ئەوان لە ماوەی سێ ساڵ پێش خانەنشینبوون و سێ ساڵ دوای خانەنشینبوون هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.ئەنجامەکان لەنێو هەموو گروپە دیمۆگرافی و ئابوورییە جیاوازەکاندا یەکسان بوون، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەش کە سەڵت بوون، داهاتیان کەم بووە یان نەخۆش بوون.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، نزیکەی یەک لە شەش کەسی بەساڵاچوو (17.5%) هەست بە تەنیاییەکی زۆر دەکەن، بەڵام ئەمە زیاتر پەیوەستە بە پرۆسەی بەساڵاچوونەوە نەک خانەنشینی، د.یۆهانیس کەنز، دەڵێت، "هەستی تەنیایی لە کۆتاییەکانی تەمەنی 60 ساڵییەوە بەردەوام بەرز دەبێتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە قۆناغەکانی دواتری ژیان پێویستیان بە سەرنجی زیاترە."
بەگوێرەی کلیڤلاندی پزیشکی ، هەستی تەنیایی دەتوانێت کاریگەریی دەرووندروستی هەبێت گرنگترینیان ئەمانەن:
خەمۆکی و دڵەڕاوکێ: تەنیایی مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ زیاد دەکات.
لاوازبوونی توانای هزری: دەبێتە هۆی کێشەی سەرنجدان و بڕیاردان، هەروەها مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە زیاد دەکات.
زیادبوونی گوشار: ئاستی هۆرمۆنی سترێس (کۆرتیزۆڵ) بەرز دەکاتەوە، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەواوی جەستە هەیە.
.png&w=3840&q=75)


