رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانیاندا بۆ کواڵیتیی تاقیگەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، دوو تاقیگەیان داخست و یەکێکی دیکەیان بەهۆی سەرپێچییەوە دایە دادگە.
هاوار رەمەزان، بەرپرسی بەشی تاقیگەکان لە تەندروستیی راپەڕین، رایگەیاند، لە کۆی 9 تاقیگە کە بەدواداچوونیان بۆ کراوە، دوو تاقیگە داخراون، یەکێک دراوەتە دادگە و دوو بۆ سێ تاقیگەی دیکەش ئاگادارکراونەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری داخستنەکان، هاوار رەمەزان گوتی، "ئەوانەی داخراون مۆڵەتیان نەبووە و پاشماوەی پزیشکییان بە شێوەیەکی دروست نەسووتاندووە و پسوولەیان نەبووە، هەروەها چەند مادەیەکی بەسەرچووی لێبووە."
دەربارەی ئەو تاقیگەیەی دراوەتە دادگە، هاوار رەمەزان دەڵێت، "خاوەن مۆڵەتەکە خۆی لەوێ ئامادە نەبوو، مادەی بەسەرچووی زۆر بوو و ناوی تاقیگەکە لەگەڵ ناوی مۆڵەتەکەیدا جیاواز بوو."
بەرپرسی بەشی تاقیگەکان لە تەندروستیی راپەڕین داوای لە خاوەن تاقیگەکان کرد پابەندی رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستی بن و جەختی کردەوە، "پێویستە پاشماوەی پزیشکی بە شێوەیەکی یاسایی بسووتێنرێت و پسوولەکەی هەڵبگیرێت، هەروەها دەبێت خاوەنی مۆڵەتی تاقیگەکە خۆی لە شوێنی کارەکەیدا ئامادە بێت."



