رووداو - تەندروستی
توێژەرانی قوتابخانەی پزیشکیی کێک لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا لە ئەمریکا، پەیوەندییەکیان لەنێوان خۆراکە زۆر دەستکاریکراوەکان و کاردانەوەی مێشکی منداڵان و زیادبوونی کێشیان دۆزیوەتەوە.
دکتۆر کاتلین ئەی پەیج، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "مێشکی منداڵان هێشتا لە گەشەدایە، خوو و ئارەزووی خواردن هێشتا لە دروستبووندایە، ئەمە قۆناغێکی گرنگە کە مێشک زۆر هەستیارە بۆ خواردن و ژینگەی خۆراکی، ئێمە بەتایبەتی ئارەزوومەندی تێگەیشتنین لەم پرۆسانە لە منداڵاندا، چونکە پێمانوایە دەستێوەردانی زوو دەتوانێت جیاوازی دروست بکات''.
لە توێژینەوەکەدا، 46 منداڵی تەمەن 7 بۆ 10 ساڵ بەشدارییان کردووە، دەرکەوتووە، ئەو منداڵانەی کە بڕێکی زیاتریان لە خواردنی زۆر دەستکاریکراویان خواردبوو، چالاکییەکی زیاتریان لە بەشی "dorsal striatum"ی مێشکدا نیشانداوە، کە ناوچەی پاداشت و هاندانی مێشکە، هەروەها زیادبوونێکی زیاتریان لە هاوکۆلکەی بارستەی لەش (BMI) و رێژەی چەوریی جەستەیاندا هەبووە.
توێژەران، هۆشداری دەدەن کە باشترکردنی خۆراکی منداڵان تەنیا پشت بە خێزانەکان نابەستێت، چونکە ئەم بەرهەمانە زۆرجار هەرزانن و بە ئاسانی بەردەستن، ئەوان پێیانوایە گۆڕینی ژینگەی خۆراکی بۆ یارمەتیدانی خەڵک بۆ دەستڕاگەیشتن بە خواردنی تەندروستتر، بەشێکی گرنگی چارەسەرە.
خۆراکە ئامادەکراوەکان چین؟
ئەمانەی خوارەوە نموونەی خۆراکە ئامادەکراوەکانن
- خواردنەوە گازییەکان
- شەربەتی دەستکرد
- شیرینییەکان
- خۆراکی خێرا
- پەتاتەی سوورەوەکراو
- مەعکەرۆنی
- پەنیر
- پیتزای بەستوو
- چپس
- پسکیت
- کێک
- گۆشتە بەستووەکان
ئەم خۆراکانە بەوە ناسراون کە ئامادەکردنیان ئاسانە و ماوەی بەسەرچوونیشیان درێژە، شەکر، خوێ و چەورییەکی زۆریان تێدەکرێت لەگەڵیشیدا تامی دەستکریان تێدایە کە هەموویان زیانی زۆر مەترسیداریان دەبێت.
بەگوێرەی دامەزراوەی دڵ لە بەریتانیا، بەکارهێنانی خۆراکە خێراکان و خۆراکە ئامادەکراوەکان وەکو ئایس کرێم، بسکیت و خواردنەوە گازییەکان کە رێژەیەکی بەرزی چەوری تێر و خوێ و شەکریان تێدایە لە سەرانسەری جیهان لە زیادبووندایە و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرەی جۆری دووەم و شێرپەنجە زیاد دەکەن.


