رووداو - تەندروستی
پەیمانگەی جۆرج بۆ تەندروستیی جیهانی لە هیندستان، لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری (Nature Health) بڵاو کراوەتەوە، بۆی دەرکەوتووە کە گۆڕینی خوێی ئاسایی بە خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم دەتوانێت ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا رێگری لە نزیکەی 3 ملیۆن حاڵەتی مردن و 10 ملیۆن حاڵەتی نوێی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و گورچیلە بکات.
پڕۆفیسۆر د. بروس نیڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "خواردنی بڕێکی زۆر لە سۆدیۆم و بڕێکی کەم لە پۆتاسیۆم، هۆکاری ناسراوی بەرزیی گوشاری خوێنن، کە هۆکارێکی سەرەکیی مەترسییە بۆ حاڵەتە کوشندەکانی وەک جەڵتەی مێشک، جەڵتەی دڵ و نەخۆشیی گورچیلە. گۆڕینی خوێ بۆ جۆرێکی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم، لە یەک کاتدا چارەسەری هەردوو کێشەی خۆراکی دەکات و سوودێکی تەندروستیی گەورەی هەیە''.
لە سەرانسەری جیهاندا، لە هەر سێ کەسی پێگەیشتووی تەمەن 30-79 ساڵ، یەکێکیان تووشی بەرزیی پەستانی خوێن بووە، کە دەکاتە نزیکەی 1.4 ملیار کەس. نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هۆکاری سەرەکیی مردنن لە جیهاندا.
یەکێک لە نیگەرانییەکان، مەترسیی بەرزیی ئاستی پۆتاسیۆمە (hyperkalemia) لەو کەسانەی کە نەخۆشیی پێشکەوتووی گورچیلەیان هەیە. بەڵام توێژینەوەکە دەریخستووە، تەنانەت لەنێو ئەم نەخۆشانەشدا، سوودەکانی لە مەترسییەکانی زیاترە.
خوێی دەوڵەمەند بە پۆتاسیۆم، بە گۆڕینی بەشێک لە کلۆریدی سۆدیۆم (خوێی چێشت) بە کلۆریدی پۆتاسیۆم دروست دەکرێت، لە رواڵەت و تام و چێژدا وەک خوێی ئاساییە.لە ساڵی 2025دا، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) پشتگیریی لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە خوێیە کرد بۆ کەمکردنەوەی فشاری خوێن و مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.


