رووداو - تەندروستی
تاقیگەی کۆڵد سپرینگ هابەر (CSHL) لە ئەمریکا، لە توێژینەوەیەکدا پەیوەندییەکی لەنێوان هەوکردنی کاتی دووگیانی و نیشانەکانی ئۆتیزمدا دۆزیوەتەوە.
پرۆفیسۆر د. لوکاس کیدڵ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "بۆ ئەوەی بەڕاستی لە ئۆتیزم تێبگەین، دەبێت سەیری دەرەوەی مێشک بکەین، کارەکانی ئێمە ئەوە دەردەخەن کە چالاکبوونی بەرگریی دایک و گۆڕانکارییەکانی ناو وێڵاش، دەروازەیەکە بۆ ئۆتیزم لای هەندێک تاک''.
لە توێژینەوەکەدا توێژەران کاردانەوەی بەرگرییان لە مشکی دووگیاندا لە قۆناخە جیاوازەکانی دووگیانیدا وروژاندووە، جێگەی سەرنج بوو، لە هەموو تاقیکردنەوەکاندا، نیشانە هاوشێوەکانی ئۆتیزم تەنیا لە نێرەکاندا دەرکەوتن، لە کاتێکدا مێینەکان بە شێوەیەکی ئاسایی گەشەیان دەکرد، ئەمەش دەتوانێت روونکردنەوەیەک بێت بۆ ئەوەی بۆچی ئۆتیزم لە کوڕاندا زیاترە.
بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکە، کیدڵ و تیمەکەی سەیری وێڵاشیان کرد، کە ئەندامێکە کۆرپەلەی گەشەکردوو بە دایکییەوە دەبەستێتەوە.
سەرنجیان لەسەر خانە تایبەتمەندەکانی "spongiotrophoblasts" بوو. لەو کۆرپەلە نێرانەی کە نیشانەی نائاسایی گەشەیان هەبوو، زیانێکی بەرچاو لەم خانانەی وێڵاشدا بینرا. ئەم خانانە یارمەتی سیستەمی بەرگریی دایک دەدەن بۆ ئەوەی بەرگەی کۆرپەلەکە بگرێت. کاتێک ئەم خانانە زیانیان پێدەگات، سیستەمی بەرگریی دایک لەوانەیە بە شێوەیەکی زیانبەخش دەست بە کاردانەوە بکات دژی کۆرپەلەکە.


