رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کۆپنهاگن لە دانیمارک دەریخستووە، ئەو کەسانەی ڤیگنن (رووەکخۆرن) رەنگە جۆراوجۆریی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەیان کەمتر بێت بە بەراورد بەو کەسانەی گۆشتخۆرن.
پرۆفیسۆر د.ئۆلوف بۆربای پێدەرسن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت "ئەمە جێگەی سەرسوڕمان بوو، چونکە ڤیگنەکان تەنیا خۆراکی رووەکی دەخۆن و بڕێکی زۆر ریشاڵ و پێکهاتەی رووەکیی تەندروست وەردەگرن کە جۆراوجۆری بەکتریای سوودبەخشی ریخۆڵە زیاددەکەن، پێشبینیمان دەکرد گرووپی ڤیگنەکان جۆراوجۆریی بەکتریای سوودبەخشیان زیاتر هەبێت، بەڵام وا نەبوو".
پێدەرسن، ئاماژەی بەوەشکرد، "توێژینەوەکە ئەوە دەردەخات کە کەمیی جۆراوجۆریی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە لەنێو ڤیگنەکاندا رەنگە پەیوەندی بە کەمیی وەرگرتنی پڕۆتینەوە هەبێت، لەنێو ڤیگنەکاندا 12%ی وزەی خۆراکییان لە پڕۆتینەوە هاتووە، بە بەراورد بە 17% لەنێو گۆشتخۆرەکاندا. بەڵام ئەو ڤیگنانەی کە زۆرترین پڕۆتینیان خواردبوو، ئاستی جۆراوجۆریی بەکتریای سوودبەخشی ریخۆڵەیان هاوشێوەی گۆشتخۆرەکان بوو، بۆیە رەنگە پڕۆتین هۆکارێکی پشتگوێخراو بێت بۆ جۆراوجۆری بەکتریای سوودبەخشی ریخۆڵە لەنێو ڤیگنەکاندا".
توێژەرانی زانکۆ دانیمارکییەکە دەڵێن: سەرچاوە باشەکانی پڕۆتین بۆ ڤیگنەکان بریتین لە پاقلەمەنییەکان، نیسک، تۆوی کەتان، تۆوی چیا، کوینوا، بادەم و چەرەساتەکان.


