رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا دەریخستووە، گوێگرتن لە میوزیکێکی دڵخواز بۆ ماوەی تەنیا 24 خولەک، دەتوانێت ئاستی هۆڕمۆنی سترێس (کۆرتیزۆڵ) زیاتر لە دوو هێندە کەمبکاتەوە بە بەراورد بە "ژاوەژاوی پەمەیی" کە دەنگێکی ناسراوە بۆ ئارامبوونەوە.
زانکۆی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا، لە توێژینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری نێودەوڵەتیی سایکۆفیزیۆلۆجی بڵاوکراوەتەوە، تاقیکردنەوەیەکی لەسەر 83 خوێندکاری زانکۆ ئەنجامداوە کە بەدەست نیشانەکانی دڵەڕاوکێوە ناڵاندوویانە.
پرۆفیسۆر د.فرانک رووسۆ، پرۆفیسۆری دەروونناسی لە زانکۆی تۆرۆنتۆ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت: بەشداربووان دابەشکران بەسەر دوو گرووپدا، گرووپێکیان بۆ ماوەی 24 خولەک گوێیان لە میوزیکێکی دڵخوازی خۆیان لەگەڵ لێدانی دەنگیی بیستراو (ABS) گرت، گرووپی دووەمیش گوێیان لە ژاوەژاوی پەمەیی گرت، دەرکەوت ئاستی کۆرتیزۆڵ لە هەردوو گرووپەکەدا دابەزیبوو، بەڵام کەمبوونەوەکە لەو بەشداربووانەی گوێیان لە میوزیک گرتبوو، زیاتر لە دوو هێندە بوو.
ژاوەژاوی پەمەیی (Pink Noise)، جۆرێکە لە دەنگ کە تێیدا فرێکوێنسییە نزمەکان (دەنگە قووڵەکان) بەهێزترن و فرێکوێنسییە بەرزەکان (دەنگە تیژەکان) کزترن. ئەمە دەنگێکی هاوسەنگ و نەرم دروست دەکات کە زۆرجار بە سروشتی و ئارامبەخش پێناسە دەکرێت.


