رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی ڤیرجینیا رێگەیەکی نوێیان بۆ چارەسەری شێرپەنجەی کوشندەی مێشک (گلیۆبلاستۆما) دۆزیوەتەوە، کە پشت بە بەکارهێنانی شەپۆڵی دەنگ و تەکنەلۆژیای نانۆ دەبەستێت.
د. رۆجەر ئەبو نادیر، پسپۆڕی شێرپەنجە لە زانکۆی ڤیرجینیا لە ئەمریکا رایگەیاند، رێگەیەکی نوێی تاقیگەییان دۆزیوەتەوە کە تێکەڵەیەکە لە شەپۆلی دەنگیی، نانۆ و مۆلیکوولی جینیی microRNAs بەکاردەهێنێت. ئەم تەکنیکە دەتوانێت بەربەستی پارێزەری مێشک ببڕێت و چەندین جین کە بەرپرسن لە گەشەی شێرپەنجەی گلیۆبلاستۆما رابگرێت، بەمەش گەشەی گرێ شێرپەنجەییەکە خاو دەکاتەوە.
پسپۆڕەکە دەریخستووە، تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاژەڵ سەرکەوتوو بوون و توێژەران کار دەکەن بۆ گواستنەوەی ئەم چارەسەرە بۆ قۆناخی تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ.
پەیمانگەی نیشتمانیی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەریدەخات، گلیۆبلاستۆما یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی شێرپەنجەی مێشک. لەگەڵ ئەوەشدا، پێشکەوتنە نوێیەکانی تەکنەلۆژیای شەپۆلی دەنگی و پزیشکی، هیوایەکی نوێ بۆ چارەسەری نەخۆشەکان دەڕەخسێنن.


