رووداو - تەندروستی
زۆرێک لە دایکان بەدەست پچڕانی خەویانەوە دەناڵێنن، چونکە گریانی منداڵە ساواکەیان زوو خەبەریان دەکاتەوە. توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر مشک هۆکاری ئەم بابەتە رووندەکاتەوە و ئەو بەشەی مێشک دەستنیشاندەکات کە بەرپرسە لەم حاڵەتە.
توێژەرانی زانکۆی باشور لە ئەمریکا بۆیان دەرکەوتووە کە مێشکی دایکان تەنانەت لە کاتی خەودا، زیاتر ئاگاداری دەنگی منداڵەکانیانە بە بەراورد بەو خانمانەی کە منداڵیان نییە، ئەمەش وا دەکات دایک بە ئاسانی لەگەڵ گریانی منداڵەکەیدا خەبەری ببێتەوە.
د. فێیشوێ لیانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت، "پچڕانی خەو لەنێو دایکاندا زۆر باوە و دەکرێت ببێتە هۆی گرفتی جەستەیی و دەروونی".
د. فێیشوێ لیانگ ئاماژە بەوەدەکات هەرچەندە توێژینەوەکە لەسەر مشک کراوە، بەڵام یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لەو تێکچوونی خەوەی کە زۆرێک لە دایکان دوای منداڵبوون تووشی دەبن.


