رووداو - تەندروستی
زۆر کەس ئارەزووی ئەو هەستە ترسە دەکەن کە لە کاتی بینینی فیلمێکی ترسناکدا دروست دەبێت، پسپۆڕێکی دڵیش هۆکارەکەی روون دەکاتەوە.
د. رێجیس فێرناندێز، پزیشکی پسپۆڕی دڵ لە مایۆکلینیک دەریخستووە، کاردانەوەی جەستەمان بۆ فیلمی ترسناک لە وەڵامدانەوەی ناسراو بە 'شەڕکە یان هەڵبێ'ـوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ نموونە، کاتێک ئاژەڵێک بەدواتەوەیە، جەستەت خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕکردن یان هەڵاتن، هەمان ئەم میکانیزمە کارا دەبێت کاتێک سەیری دیمەنێکی ترسناک دەکەیت، چونکە مێشکت وەک هەڕەشەیەکی راستەقینە وەریدەگرێت.
هەروەها د. فێرناندێز رایگەیاند، سێ شت روودەدەن: لێدانی دڵت زیاد دەکات، رۆیشتنی خوێن بۆ ماسولکەکان زیاد دەکات و هۆرمۆنی ئەدریناڵین دەردەدرێت، ئەمەش هاوشێوەی وەرزشکردنە.
د. فێرناندێز پێشنیازی ئەوە ناکات سەیری فیلمی ترسناک بکرێتە جێگرەوەی وەرزشکردن، بەڵام دەڵێت کە کاردانەوەی جەستە بەرامبەر ترس زیانی بۆ کەسانی تەندروست نییە.
پزیشکەکە ئاماژە دەدات، ئەگەر چێژ لەو هەستە ترسە وەردەگریت، یان ئەگەر ناترسیت و تەندروستیت ئەوا مەترسیدار نییە.


