رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی فەرمیی تەندروستیی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ؛ تاوەکو رۆژی هەینی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بەردەوامیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا گەیشتووەتە پێنج هەزار و 372 کەس و رێژەی گیانلەدەستدانیش لەنێو تووشبوواندا 51.6%ـە.
راپۆرتی دۆخەکە کە لەلایەن پەیمانگەی نیشتمانیی کۆنگۆ بۆ توێژینەوەی بایۆپزیشکی (INRB) بڵاو کراوەتەوە، دەریدەخات تاوەکو 30ـی ئۆکتۆبەر، 10 هەزار و 414 تووشبووی ئیبۆلا تۆمار کراون.
ئەوەش ئاشکرا دەکرێت کە رێژەی گیانلەدەستدان لەنێو حاڵەتە پشتڕاستکراوەکانی تووشبوون بە ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ بۆ سەرووی 50% بەرزبووەوە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی تەندروستی سەتان حاڵەتی گیانلەدەستدانی پێشووتریان بۆ لیستی فەرمی زیادکرد.
ئەمە گەورەترین بڵاوبوونەوەی ئیبۆلایە لە مێژووی کۆنگۆدا و لە دوای پەتای ساڵانی 2013-2016 لە رۆژئاوای ئەفریقا، گەورەترینە لەسەر ئاستی جیهان.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە سنووری وڵاتەکەشی تێپەڕاندووە، هەرچەندە گواستنەوەی لە شوێنەکانی دیکە سنووردارە.
- نەیجیریا لە 31ـی ئۆکتۆبەر رایگەیاند کە دوو حاڵەتی گوماناوی لە ویلایەتی ئاداماوا دوای دوو جار پشکنین، ئەنجامەکانیان نێگەتیڤ بوون، بەمەش تەنیا یەک حاڵەتی پشتڕاستکراوی تووشبوون لە وڵاتەکەدا ماوەتەوە.
- ئەمریکا لە 1ـی تشرینی دووەم رایگەیاند کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی پەتایەکە، رێکارەکانی گەشتکردن زیاتر تووند دەکاتەوە.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، لە درەنگانی 3ـی تشرینی دووەمەوە، هەر کەسێک گەشتی نێودەوڵەتی بەرەو ئەمریکا بکات، دەبێت بیسەلمێنێت کە لە ماوەی 21 رۆژی رابردوودا لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ نەبووە.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوون، تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- پەڵەی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو

.jpeg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
