رووداو - تەندروستی
کەمپینی "شەرم مەکە" بۆ هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک کۆتایی هات و ئامانجەکەش هۆشیارکردنەوەی خانمان بوو بۆ ئەنجامدانی پشکنینی مەمک، کەمپینەکە بە هاوئاهەنگیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەچوو و دوو کلینیکی گەڕۆک بە هەموو پێداویستییە پزیشکییەکانەوە بۆ خانمان ئامادەکرا بوون.
بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک کەمپینی ''شەرم مەکە" کۆتایی هات و سێ هەزار و 687 مەمۆگرام بەخۆڕایی ئەنجام دران لەنێویاندا 37.6%ـی پشكنینەکانی مەمۆگرام لە هەولێر کراون، 35.8%ـی پشکنینەکانی مەمۆگرام لە سلێمانی کراون، 15.2%ـی پشکنینەکانی مەمۆگرام لە دهۆک ئەنجام دراون و 11.4%ـی پشکنینەکانی مەمۆگرام لە هەڵەبجە ئەنجام دراون.
لە کەمپینی "شەرم مەکە"ـدا کەرتی تایبەت و گشتی بەشداربوون و هەموو هەرێمی کوردستان گرتەوە.
''رووداو لە هۆشیاریی تەندروستی زۆر کاریگەرە''
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، ''رووداو لە هۆشیاریی تەندروستی زۆر کاریگەرە و لەگەڵ دێسکی تەندروستیی رووداو هاوکار و هاوئاهەنگین''.
ئەو وەکو تەندروستیی هەولێر یەکێک لە کار و پڕۆژەکانیان ئاشکرا دەکات کە بۆ زیادکردنی ئاستی هۆشیاریی تەندروستییە و راگەیاندنی کەمپینی جیاوازە بە مەبەستی ئەوەی پشکنینی پێشوەختە بکرێت، تەنانەت گوتی: خۆپاراستن لە کۆرۆنا هەلێکی باش بوو بۆ زیادکردنی هۆشیاریی تەندروستی و یەکێک لە پڕۆژەکانمان هاندانی خەڵکە بۆ پشکنینی پێشوەختە.
بە پێویستی دەزانێت کە پاراستنی تەندروستی ببێتە کولتوور و تەندروستی تەنیا دەرمان و نەشتەرگەری نییە، بەڵکو خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان گرنگترین بابەتە بۆ وەزارەتی تەندروستی تاوەکو کاری لەسەر بکات.
''بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر خانمێکی زۆرمان بینی و پشکنینی مەمکمان بۆ کردن''
د. هەرمێ نەقشبەندی، پسپۆڕی پزیشکیی گشتی رایدەگەیێنێت، خانمان بە رێکوپێکی پاڵپشتیی کەمپینی شەرم مەکە دەکەن و ئەگەر زوو پشکنین بکەن ئەوا چارەسەرییەکانیان ئاسان دەبێت.
د. هەرمێ نەقشبەندی دەڵێت: یەکێک لە نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک؛ دروستبوونی شێوەیەکی هاوشێوەی پێستی پیرتەقاڵە؛ هەر کەسێک خودپشکنینی مەمکی کرد، دەبێت بزانێت مەمکی چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە و لەکاتی دەستلێدان دڵنیا ببێتەوە لە نەبوونی هەر گرێ و سووربوونەوەیەک.
ئەوەش باس دەکات، پێشوەختە دەستنیشانکردنی شێرپەنجە ئەگەری مردن و قورسبوونی شێرپەنجەکە کەمتر دەکاتەوە و بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر خانمێکی زۆرمان بینی و پشکنینی مەمکمان بۆ کردن.
''بانگخوازەکان بابەتە تەندروستییەکان لە گوتارەکانیاندا باس بکەن''
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف کە بەشداربوو لە کەمپینەکە گوتی: داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەین، هۆشیاریی تەندروستی بڵاو بکەنەوە.
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، هۆشیاریی تەندروستی ببێتە یەکێک لە مژارەکانی نێو گوتارە هەینییەکان و مامۆستا و بانگخوازان باسی هۆشیارییە تەندروستییەکان بکەن.
دووپاتیشی کردەوە کە شەرم نابێت رێگری لە پشکنینی پێشوەختە بکات.
''پاراستنی تەندروستی ئەرکێکی ئایینییە''
د. ئیسماعیل پێنجوێنی، بانگخواز کە میوانێکی رووماڵی کۆتایی کەمپینی شەرم مەکە بوو دەڵێت: شەرم لە تەندروستیدا نییە و پاراستنی تەندروستی ئەرکێکی ئایینییە.
بەگوتەی د. ئیسماعیل پێنجوێنی: شەرم نابێت رێگری لە پشکنینی پێشوەختە بکات و خودا لێپێچینەوە لەبارەی تەندروستی جەستەوە دەکات.
ئەو داوا لە خانمان دەکات ''بەدەم هەڵمەتە تەندروستییەکانەوە بێن و شەرم نەکەن، چونکە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر''.
''مەمۆگرام دوای سووڕی مانگانە بکرێت، دروستترە و هەر خانمێک بیەوێت بیکات''
د. پەیام نادر، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر دەڵێت: مەمۆگرام بۆ خانمانی 40 ساڵ بەکاردێت کە شێرپەنجە لە ماڵباتەکەتان نەبێت و ئەو خانمانەی خوار 40 ساڵن و لە ماڵباتەکەیان شێرپەنجەی مەمک هەیە، مەمۆگرامیان بۆ بکرێت.
پاشانیش ئەوەی باس کرد کە مەمۆگرام دوای سووڕی مانگانە بکرێت، دروستترە و هەر خانمێک بیەوێت بیکات، دەبێت خۆی بشوات، بەڵام لەڕووی خواردنی خۆراکەوە هیچ کێشەیەکی نییە و ئاساییە خۆراک بخوات یان نا. (بابەتێک بخوێنەرەوە لەبارەی پشکنینی مەمک)
''رووداو پێشەنگ بووە لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ پاراستنی تەندروستییان''
د. ئێڤا سەعید، بەڕێوەبەری سەنتەری پەرەپێدانی پەرستاری و مامانی ستایشی کەمپینەکە دەکات و دەڵێت: ئەم کەمپینە کارێکی نایاب بوو بۆ زیادکردنی ئاستی هۆشیاریی تەندروستیی خانمان.
ئەو سوپاسی رووداوی کرد بۆ ئەنجامدانی کەمپینەکە و دەڵێت: ئەمە خانمان زیاتر هۆشیار دەکاتەوە لەبارەی شێرپەنجەی مەمک رووداویش پێشەنگی ئەمە بووە.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
رۆژی هەینی 2-10-2026 هەڵمەتەکە لە شەقڵاوە دەستیپێکرد و بەشێوەی راستەوخۆ لە سۆشیاڵ میدیا و شاشەی رووداو گوازرایەوە، ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
جیاوازیی خەرجیی چارەسەرییەکانی شێرپەنجەی مەمک بەگوێرەی قۆناخەکانی نەخۆشییەکە
خەرجیی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک لە سفرەوە {پشکنینی خودیی مەمک} بۆ 15 دۆلاری تێدەچێت {15دۆلارەکە خەرجیی هەموو قۆناخەکانی پشکنینە بە بەرزترین کواڵیتی لەسەر حکومەت نەک هاونیشتمانی}، لەکاتێکدا خەرجیی چارەسەری نەخۆشییەکە بەپێی داتاکانی حکومەت 80 بۆ 100 هەزار دۆلارە.
د. لوقمان نانەکەلی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر بە رووداوی گوتووە: نرخی چارەسەرییەکان لە ماوەی پێنج ساڵدا بەراورد بە ماوەی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بەم شێوەیەیە؛
- لەماوە سەرەتاییەکانی قۆناخی یەکی شێرپەنجەکە؛ 4 بۆ 5 هەزار دۆلار.
- لەماوەی قۆناخی دوو و سێی شێرپەنجەکە، ئەگەر پێویستی بە دەرمانی بایۆلۆژی و کیمیایی بێت؛ 20 بۆ 30 هەزار دۆلار.
- لەماوەی قۆناخی چواری شێرپەنجەکە؛ 250 بۆ 300 هەزار دۆلار.
تەنانەت بەرپرسی کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی ئاشکرای کردووە، تێچووی چارەسەریی شێرپەنجەی مەمک لە قۆناخی یەک 300 هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەگەر هەمان شێرپەنجە لە قۆناخی سێ یان چوار دەستنیشان بکرێت، بۆ 21 رۆژ 12 ملیۆن دیناری عێراقی تێدەچێت.
ساڵی رابردوو دوو هەزار و 180 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراون
ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەریدەخەن، شێرپەنجەی مەمک بەربڵاوترین شێرپەنجەیە و لە ساڵی 2025 دا دوو هەزار و 180 تووشبووی شیرپەنجەی مەمک تۆمار کراون، لە ساڵی 2013-2019 شێرپەنجەی مەمک بەرزترین رێژەی تۆمار کردووە. هاوکات لە هەولێر 39.4 حاڵەت و لە دهۆک 18.1 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بۆ هەر 100 هەزار کەسێک تۆمار کراون.
بەپێی WHO، رێگەکانی پێشگیریکردن لە شێرپەنجە دەکرێت ئەمانە بن؛
* خۆراکی تەندروست
* کەمخواردنی خۆراکە لەقوتوونراوەکان
* دوورکەوتنەوە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
* دوورکەوتنەوە لە کحول
* وەرزش
* کێشڕێکی
* ژینگەی خاوێن
* خۆپاراستن لە تیشکە زیانبەخشەکان


