رووداو - تەندروستی
سێیەمین رووماڵی کەمپینی ''شەرم مەکە''ـی تۆڕی میدیایی رووداو لە رواندزە و خانمانی رواندز بێ بەرامبەر پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک دەکەن.
ئامانجی کەمپینی "شەرم مەکە" هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە و لە کەمپینەکە مەمۆگرامی گەڕۆک، سۆنەر و پشکنینی گشتی بە دیاری دەدرێنە خانمانی کوردستان. خانمێکی رواندزی دەڵێت، لە ماڵەوە پشکنینی مەمکم بۆخۆم کرد، ئینجا زانیم گرێم هەیە، تووشبوویەکی شێرپەنجەی مەمکیش گوتی: خانمان زوو بچن پشکنینی مەمک بکەن.
د. دیاری ئەحمەد، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر لەنێو رووماڵەکەدا دەڵێت: مەمۆگرام پشکنینی سەرەتایی دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکە و هەر خانمێک بە مەمۆگرام و سۆنەر دەرکەوت شێرپەنجەی مەمکی هەیە، چاندنی بۆ دەکرێت.
ئەو ئەوەش باس دەکات کە پشکنینی مەمۆگرام هیچ کێشەیەک بە خانمان ناگەیێنێت و ئەوە هەڵەیە کە خانمان بە کارێکی مەترسیدار لێی تێگەیشتوون.
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز بەشدارە و دەڵێت: دەستخۆشی لە رووداو دەکەین بۆ ئەوەی هەڵمەتی شەرم مەکەیان هێنایە رواندز و هیوادارین هەموو خەڵکی رواندز بەدەم هەڵمەتی شەرم مەکەوە بێن.
پاشانیش د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران گوتی، ''گرنگترین کۆڵەکەی تەندروستی بریتییە لە خۆپاراستن و زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانی بەشدارییان لە خولی هۆشیاریی شێرپەنجە کردووە''
د. کامەران محەممەد روونی کردەوە، تائێستا سەنتەرێکی تایبەت بە شێرپەنجە لە سۆران نییە و ساڵی رابردوو ئامێری مەمۆگرام دابینکرا و زۆرینەی پشکنینەکان ئاسایی بوون. هەروەها ئەوەش بە دانشتووانی سۆران دەڵێت کە دەیانەوێت لە هەموو قەزایەکی سۆران ئامێری مەمۆگرام هەبێت.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت.
شێرپەنجەی مەمک، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەی خانمانە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام زانینی راستییەکی گرنگ دەتوانێت هەموو هاوکێشەکە بگۆڕێت: ئەگەر ئەم نەخۆشییە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان بکرێت، رێژەی چارەسەرییەکەی دەتوانێت بگاتە سەروو 95٪. هەر بۆیە، پشکنینی پێشوەختە رێگەیەکی گرنگە بۆ پێشگیریکردن لەو شێرپەنجە کوشندەیە.
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
رۆژی هەینی 2-10-2026 هەڵمەتەکە لە شەقڵاوە دەستیپێکرد و بەشێوەی راستەوخۆ لە سۆشیاڵ میدیا و شاشەی رووداو گوازرایەوە، ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
ئەو شوێنانە کوێن کە خانمان دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن پشکنینی خۆڕایی مەمکی تێدا بکەن؟
ئەو فۆڕمەی پڕی دەکەیتەوە بەپێی ئەو شارەی لێی دادەنیشیت ئەم شوێنانەی تێدایە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی پشکنینی مەمک بکرێت؛
- لە هەولێر (نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری، بنکەی تەندروستیی نازدار بامەڕنی و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئینگلیزی، سەنتەری میدیا و سەنتەری بایۆ).
- لە سلێمانی (نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی تایبەتیی ئاسیا و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەنوەر شێخە).
- لە دهۆک (نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی تایبەتیی شریان).
- لە هەڵەبجە (سەنتەری هەرس، جگەر و نەخۆشییەکانی مەمک).
_format(webp).webp&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)