رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ژینگە رایدەگەیێنێت، وەکو ئەوەی دەبیندرێت هەوای سلێمانی پاکترە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام هۆشداری دا کە بەهۆی زۆریی ئۆتۆمبێلەکان بەردەوام تەنۆلکەی ژەهراوی دەخەنە بەرگەهەواوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی ژینگە ئاشكرای کرد، کواڵیتیی هەوا لە سلێمانی بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، پاکترە. بەڵام جەختیش لەوە دەکاتەوە کە تاوەکو بەرەو تانجەڕۆ بڕۆیت، هەواکە پیستر دەبێت.
بەپێی ئەو پسپۆڕە، ئەو تەمەی لەسەر شارەکاندا دەبینرێت، دەکرێت تەنۆلکەی زۆر ژەهراوی تێدا بێت کە پێیان دەگوترێت تەنۆلکە پیسکەرەکانی هەوا کە قەبارەیان 2.5 PMـە چەندین کاریگەرییان لەسەر جەستە دەبێت.
بەپێی مایۆکلینیک، رێژەی تەنۆلکە پیسکەرەکانی PM2.5 زیاتر بوو لەئاستی ستاندارد، دەکرێت
کورتخایەن ببنەهۆی؛
- سووربوونەوە و هەستیاربوونی چاو، قوڕگ و لووت
- ناڕێکیی لێدانی دڵ
- نۆرەی رەبۆ
- کۆکە و هەناسەتەنگی
درێژخایەن ببنەهۆی؛
- لەدایکبوونی منداڵی ناکام
- تووشبوون بە رەبۆ و هەوکردنەکانی سییەکان
- تێکچوونی پێکهاتەی سییەکان
- شێرپەنجە
- جەڵتەی مێشک و دڵ
- نەزۆکی
د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە لە سلێمانی تایبەت بە رووداو چەند خاڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پیسبوونی هەوا لەنێو ماڵ باس کردووە وەکو؛
1- داخستنی پەنجەرە و دەرگە لەکاتی خۆڵبارین.
2- داخستنی دەرگە و پەنجەرە لەو کاتانەی قەرەباڵخی و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل زۆرە بەتایبەت لەو ماڵانەی کە لەسەر شەقامی سەرەکین.
3- دانانی شێدارکەرەوە لەنێو ماڵدا، بۆ ئەوەی رێگری بکات لە هەڵمژینی تەنۆلکە هەواییەکانی نێو ماڵ.
4- بەکارهێنانی دەمامک لەو کەسانەی کە گرووپی مەترسیدارن.
5- بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکانی ئاگادارکەرەوەی کوالێتیی هەوا وەکو AirVisual.
6- دانانی ئامێری پاککەرەوەی هەوا Air Purification
7- دانانی گوڵ و ئینجانەی جۆراوجۆر بۆ گلدانەوەی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و زیادبوونی ئۆکسجینی نێو ماڵ.
8- بایەخدان بە شۆردنی دەموچاو.


