رووداو - تەندروستتی
بەکارهێنانی عەدەسەی جوانکاری بەبێ رەچەتەی پزیشک مەترسیدارە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بینین.
کۆمەڵەی پزیشکانی ئەمریکی چاو دەریخستووە، بەکارهێنانی عەدەسەی جوانکاری بەبێ رەچەتە و چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ، مەترسییەکی جدییە بۆ سەر تەندروستیی چاو. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە کڕینی ئەم عەدەسانە لە سەرچاوەی نایاسایی وەک ئۆنلاین، زیانی راستەوخۆ بە چاو دەگەیەنێت.
بەپێی پسپۆڕانی کۆمەڵەی ئەمریکی چاو، پشکنینێک لەسەر 300 جۆری عەدەسەی جوانکاری دەریخستووە، بەکارهێنانیان مەترسیی هەوکردنی توندی گلێنەی چاو زیاد دەکات. هۆکارەکانی وەک ماددەی کیمیایی، ناڕێکیی رووی عەدەسەکە و کەمبوونەوەی ئۆکسجین دەبنە هۆی برینداربوون کە لە حاڵەتە قورسەکاندا رەنگە پێویست بە چاندنی گلێنە بکات بۆ رزگارکردنی بینایی.
بۆ پاراستنی تەندروستی چاو پسپۆڕانی کۆمەڵەکە رێنوێننی دەدەن;
- هەرگیز عەدەسەی جوانکاری و رازاندنەوە بێ رەچەتەی پزیشک مەکرە و بەکاری مەهێنە.
- عەدەسەکان لە کەس وەرمەگرە.
- هەرگیز بە عەدەسەوە مەخەوە و مەلە مەکە یان لە ژێر دووشدا بەکاری مەهێنە.



