رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن سەنتەری ئەڵمانی بۆ نەخۆشییە دەمارییەکان (DZNE) ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە 10 جۆر سیستمی خۆراکیی تەندروست پەیوەندییان بە هێواشکردنەوەی پرۆسەی پیربوونی بایۆلۆژییەوە هەیە.
توێژینەوەی زانکۆ ئەڵمانییەکە لەسەر نزیکەی حەوت هەزار و 500 کەس ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە پابەندبوون بە هەر یەک لەو 10 سیستمە خۆراکییە، لەوانە سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست، سیستمی خۆراکیی نۆردیک، سیستمی خۆراکیی رووەکی و سیستمی خۆراکیی DASH (بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن)، پرۆسەی پیربوونی بایۆلۆژی هێواش دەکاتەوە.
توێژەرانی زانکۆ ئەڵمانییەکە ئاشکرای دەکەن خۆراکە تەندروستەکان کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتیی دروستبوون و پتەوبوونی خانەکانی جەستە، پتەوکردنی پەیوەندی نێوان خانەکان و چۆنییەتی گۆڕینی خۆراک بۆ وزە لە جەستەی مرۆڤدا هەیە.
پرۆفیسۆر د. مۆنیک برێتێلەر، بەڕێوەبەری زانستە تەندروستییەکان لە DZNE، دەڵێت: "خۆراکی تەندروست پیربوونی بایۆلۆژیی هێواشتر دەکات، ئەمەش مەترسیی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە تەمەن وەک بیرچوونەوە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەم دەبێتەوە."



