رووداو - تەندروستی
محەممەد تاریق، یاریزانێکی لەشجوانی بوو لە هەولێر، دوای بەکارهێنانی دەرزی هۆڕمۆنی بۆ ماوەی چەند رۆژێک کەوتە نەخۆشخانە دواتر کۆچی دوای کرد.
دانا تاریق، برای محەممەد تاریقی کۆچکردوو بە رووداوی راگەیاند، براکەم بەهۆی بەکارهێنانی دەرزی هۆڕمۆنی، تووشی هەوکردنێکی زۆری جەستە بوو بۆیە پێیان راگەیاندین کە تووشی مەیینی خوێن بووە ئەمەش بووە هۆی گیان لەدەستدانی براکەم.
بەپێی سەرچاوەیەکی تایبەت بە رووداو، محەممەد بەهۆی بەکارهێنانی چەند دەرزییەک وەک دەرزیی هۆڕمۆنی گەشە، دەرزیی تێستێستیڕۆن، ئیسترۆجین و ستیڕۆید وایلێهاتووە و کاتێک نەخۆشەکە دەگاتە نەخۆشخانە لە چاودێریی چڕ دەخەوێندرێرت، چونکە هەناسەتەنگییەکی زۆری هەبوو و لە هەمان کاتدا لێدانی دڵی نزیک 200 بوو کە بەرز بووە،
هەروەها پەستانی خوێنی دابەزیبوو و هەموو جەستەی هەڵئاوسابوو . دوای مانەوە بۆ ماوەی 14 کاژێر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
هانی تەها ، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی لەشجوانیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن و "بەهەموو شێوەیەک فروشتن و بەکارهێنانی دەرزیی هۆڕمۆنی لەنێو هۆڵی لەشجوانی قەدەخەیە و هەر مادەیەکی ماوەبەسەرچووش لە هۆڵەکانی لەشجوانی بگیرێت هۆڵەکە سزا دەدرێت بەبڕی پێنج ملیۆن دیناری عێراقی".
محەممەد تاریق ماوەی یەک مانگ ئەم دەرزیانەی بەکارهێناوە:
* هۆڕمۆنی گەشە
* تێستێستیرۆن
* ئیسترۆجین
* ستیڕۆید
دوای ماوەیەک، محەممەد تاریق تووشی ئەم گرفتە تەندروستییانە بوو:
* هەناسەتەنگی
* بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ
* دابەزینی پەستانی خوێن
* سستبوونی گورچیلە، جگەر و دڵ
* هەڵئاوسانی هەموو جەستەی
محەممەد تاریق دوای 14 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا



