رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەستپێشخەرییەکی جیهانی بۆ کەمکردنەوەی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی مەمک راگەیاندووە و ئامانجیەتی ساڵانە رێژەی گیانلەدەستدان بەم نەخۆشییە 2.5٪ کەم بکاتەوە.
شێرپەنجەی مەمک، باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا و هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی خانمانە بەهۆی شێرپەنجەوە، ئەم نەخۆشییە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری زیاتری لەسەر وڵاتانی کەمداهات و مامناوەند هەیە.
بەپێی ئامارەکانی WHO، لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021، تێکڕای رێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک لەسەر ئاستی جیهان 77.8٪ بووە، ئەم رێژەیە لە وڵاتانی کەمداهات 41.9٪ و لە وڵاتانی مامناوەند 60.1٪ بووە، لەکاتێکدا لە وڵاتانی دەوڵەمەنددا گەیشتووەتە 87.3٪.
دەستپێشخەرییەکە کە لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە، ئامانجیەتی لە ماوەی 20 ساڵدا گیانی 2.5 ملیۆن کەس لە مردن رزگار بکات. ئەمەش لەڕێگەی سێ رێگەی سەرەکییەوە دەبێت:
- هۆشیاریی تەندروستی و دەستنیشانکردنی زوو.
- دەستنیشانکردنی لە کاتی خۆیدا.
- چارەسەری گشتگیری شێرپەنجەی مەمک.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا رێنوێنی پێشکێش بە حکومەتەکان دەکات بۆ بەهێزکردنی سیستەمی پشکنین، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجەی مەمک.



