رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە سەنگاپوورا کراوە و ئاشکرای دەکات، ئەوانەی وەرزش دەکەن، درەنگتر ماسوولکەکانیان پیر دەبێت و ئەوەش رەنگدەداتەوە لەسەر تەمەندرێژییان.
د. تانگ هۆنگ-وێن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە رایگەیاند: وەرزش دەتوانێت ئەم پرۆسەیە پێچەوانە بکاتەوە و ناهاوسەنگییەکە راست بکاتەوە. چالاکیی جەستەیی هەندێک پرۆتین چالاک دەکات کە ئاستی DEAF1 ( جینێکە کە لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا چالاک دەبێت و رێگری لە توانای ماسوولکەکان دەکات بۆ پاککردنەوەی پرۆتینە زیانپێگەیشتووەکان و چاککردنەوەی خۆیان)دادەبەزێنن، ئەمەش رێڕەوی گەشەکردن دەگەڕێنێتەوە بۆ هاوسەنگی.
ئەمە وادەکات ماسوولکە بەتەمەنەکان بتوانن پڕۆتینە زیانپێگەیشتووەکان پاک بکەنەوە، بە شێوەیەکی دروست خۆیان بنیات بنێنەوە و یارمەتییان دەدات بەهێز و خۆڕاگرتر بمێننەوە.
توێژەرانی زانکۆکە ئاماژە بەوە دەکەنن، رەنگە چارەسەری نوێ بۆ پووکانەوەی ماسوولکەکان پەرەی پێبدرێت، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی نەخۆشی یان نەشتەرگەرییەوە ناتوانن وەرزش بکەن.
بە گوێرەی کلیڤلاندی پزیشکی سوودەکانی وەرزش ئەمانە دەگرێتەوە:
- یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی کێشی جەستە دەدات
- تەندروستیی دڵ باشتر دەکات
- یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن دەدات
- باری دەروونی باشتر دەکات
- ئێسک و ماسولکەکان بەهێز دەکات
.png&w=3840&q=75)


