رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی ئۆریگۆن لە ئەمریکا دەردەخات، خواردن لە کاتەکانی نزیک خەوتنەوە رەنگە تەنیا کێشەی زیادبوونی کالۆری نەبێت، بەڵکو پەیوەندی هەبێت بە زیادبوونی مەترسیی نەخۆشییەکانی جگەر، وەکو نەخۆشیی چەوریی جگەر و بەمۆمبوونی جگەر.
د. رۆبەرت وایڵچانسکی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جگەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: جگەر پەیوەندی بە کاتژمێری بایۆلۆژیی نێوەوەی جەستەوە هەیە لەبەرئەوە سنووردارکردنی خواردن بۆ چەند کاتژمێرێک پێش خەوتن سوودی بۆ تەندروستیی جگەر هەیە.
توێژەران کاریان لەسەر 200 هەزار کەس کردووە و نیشانیان داوە، ئەوانەی بە شێوەیەکی بەردەوام دوای ژەمی ئێوارە یان لەکاتی نزیک خەوتنەوە خۆراک دەخۆن، بەراورد بەوانەی لەو کاتانەدا خۆراک ناخۆن، 20٪ تاوەکو 30٪ ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکی جگەر زیاتر بووە.
نەخۆشیی چەوریی جگەر کاتێک دروست دەبێت کە چەوری بە شێوەیەکی زیادە لە جگەردا کۆدەبێتەوە. لە هەندێک کەسدا، ئەم دۆخە دەکرێت بگۆڕێت بۆ هەوکردن، دواتریش کارنەکردنی جگەر.



