رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی ژیریی دەستکرد ئاشکرای دەکات، ژیریی دەستکرد هاوڕێیەکی باشە نەک پزیشکێکی باش و پێویستە دڵنیایی لە سەرچاوەی زانیاریی پێدەری ژیریی دەستکرد هەبێت.
ئەمڕۆ شەممە 7-11-2026 ستار داود میرخان، پسپۆڕ و ماستەر لە ژیریی دەستکردی بواری NLP و سەرپەرشتیاری بە ئەلیکترۆنیکردنی نەخۆشخانەکان لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا رایگەیاند، ژیریی دەستکرد ناتوانێت لەبواری پزیشکیدا جێگەی پزیشک بگرێتەوە و ژیریی دەستکرد بڕیاردەر نییە، بەڵکو دەتوانێت روونکردنەوەی زیاتر بە بەکارهێنەران بدات.
ستار داود میرخان دەڵێت: ژیریی دەستکرد کارەکانی پزیشکانی خێراتر کردووە، بەڵام مەرج نییە کە جێگرەوەی پزیشك بێت، هەر بۆیە پێویستە پزیشکان ژیریی دەستکرد لە باشترکردنی کارەکانیان بەکاربهێنن.
ئەوەشی باس کرد کە دەبێت لە سەرچاوەی زانیارییەکانی ژیریی دەستکرد دڵنیا ببنەوە و هەموو بڕیارەکان نەدرێنە ژیریی دەستکرد.
بەگوتەی ئەو پسپۆڕەی ژیریی دەستکرد، تاوەکو ئێستا زانیارییەکی گونجاو نییە بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەلایەن نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە و هانی نەخۆشخانەکان دەدەین کە ژیریی دەستکرد بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە مێژووی نەخۆشەکان و نەخۆشییەکانیان بکۆڵدرێتەوە.


