رووداو - تەندروستی
کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە لەندەن بە ئامادەبوونی زیاتر لە 250 پزیشک و پسپۆڕی کورد لە دیاسپۆڕا بەڕێوەچوو.
بەشداربووان هەر یەکەیان پسپۆڕییەکی وردیان هەیە و باس باسی نوێترین داهێنانە پزیشکی و زانستییەکانە، لەگەڵیشیدا هۆشداری لە قووڵنەبوونەوە لە نەخۆشییە دەگمەنەکان لە هەرێمی کوردستان درا.
د. هێرۆ خۆشناو، سەرۆکی بۆردی فیدراسیۆنی زانستی و پزیشکیی کوردستان لە بەریتانیا دەڵێت: پێویستە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بایەخی زیاتر بە ئامار بدات بۆ ئەوەی چارەسەری و مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو نەخۆشییانەدا بکرێت کە ئەگەری بنبڕکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان هەیە.
فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا لە ساڵی 1988ـەوە دامەزراوە و ئامانج لێی وردبوونەوەی پزیشکانی کورد بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ ئەوەی زانست ئاڵووگۆڕ بکەن.
دکتۆر ئاراس نووری، پزیشکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان لە بەریتانیا دەڵێت، ''پێویستە بایەخ بە پاراستنی پووک بدرێت و هەوکردنی دەم و ددان هۆکارن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و ئەڵزهایمەر'' هەروەها گوتی: کەسێک ددانی نەشوات و گرنگی پێنەدات ئەوا بەکتریا تووشی پووکی دەبێت کە زۆر بە ئاسانی دەچیتە نێو بۆڕییەکانی خوێن و تووشی نەخۆشیی دڵی دەکات.
دکتۆر تیشک نەقشبەندی، پزیشكی گشتی لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، ئەرکی پزیشکانی گەنج زۆر قورسە لە بەریتانیا، بەڵام کێشەی کەمیی مووچەیان چارەسەر کراوە.
ئەو ئاشکرای دەکات کە "پزیشکانی گەنج لە هەرێمی کوردستان زۆر بەتوانان و سەرکەوتوون، لە زۆر بواریشدا پیشکەوتووترن لە پزیشکانی بەریتانیا''.
بەشێکی بابەتەکان تایبەت بوو بە ژیریی دەستکرد، پسپۆڕێکی بوارەکەش لە هەولێرەوە هۆشدارییەکی دا.
ستار داود میرخان، پسپۆڕ و ماستەر لە ژیریی دەستکردی بواری NLP و سەرپەرشتیاری بە ئەلیکترۆنیکردنی نەخۆشخانەکان دەڵێت، ژیریی دەستکرد ناتوانێت لەبواری پزیشکیدا جێگەی پزیشک بگرێتەوە و ژیریی دەستکرد بڕیاردەر نییە، بەڵکو دەتوانێت روونکردنەوەی زیاتر بە بەکارهێنەران بدات.
درووشمی سێیەمین کۆنفڕانسی فیدراسیۆنەکە ''داڕشتنی داهاتوو لە رێگەی داهێنانی پزیشکی و زانستییەوە'' بوو کە بە نیازن دەرخستەکانیان پێشکێش بە توێژەر و کاربەدەستانی کەرتی تەندروستی و زانستیی هەرێمی کوردستان بدەن.
ئەم کۆنفڕانسە چییە؟
کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا ئەمڕۆ 7ـی 11 دەستیپێکرد؛ درووشمی ئەمساڵ، "داڕشتنی داهاتوو لە رێگەی داهێنانی پزیشکی و زانستییەوە" بوو کە رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەیە لە بواری پزیشکی و زانستدا روودەدات.
ئەم کۆنفڕانسە سێیەمینە کە لە لەندەن ئەنجامدەدرێت و کەسانی پیشەگەر، توێژەر، زانا و پزیشک کۆ دەکاتەوە کە خولیایەکی هاوبەشیان بۆ پێشخستنی زانست و وەرگێڕانی داهێنان بۆ باشترکردنی بەرهەمداری کەرتی تەندروستی هەیە. لە رێگەی پێشکێشکردنی بابەتە سەرنجڕاکێشەکان، گفتوگۆی ورد و ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و ئەزموونەکانیان ژینگەیەکی هاندەر بۆ فێربوون، هاوئاهەنگی و دۆزینەوە دەخوڵقێنن.
فیدراسیۆنەکە دەنگی پزیشکان، کارمەندانی کەرتی تەندروستی، ئەکادیمیستەکان، زانایان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانی کوردە کە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێن. ئەرکی سەرەکیی برەودانە بە هاوکاری، یەکڕیزی و نایابی لەنێوان ئەندامەکان، لەگەڵ پێشخستنی ستانداردەکانی چاودێریی تەندروستی و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان.
فیدراسیۆنی پزیشکی و زانستیی کوردستان لە بەریتانیا لە ساڵی 1988ـەوە دامەزراوە و ئامانج لێی وردبوونەوەی پزیشکانی کورد بووە لە هەموو پارچەکانی کوردستان بۆ ئەوەی زانست ئاڵووگۆڕ بکەن، پاشانیش چەندین پێشنیاز و دەرخستەیان بۆ بەرپرسان و کاربەدەستدانی کەرتی پزیشکی و زانستیی هەرێمی کوردستان ناردووەتەوە بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا لە بەڕێوەبردنی کارگێڕیی وڵاتدا وەربگرن.


