رووداو - تەندروستی
نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتی لە سۆران رایدەگەیێنێت، نەخۆشێک دوای سێ مانگ مانەوە و چارەسەری بەردەوامە لە نەخۆشخانەکە، رەوانەی ماڵەوە کرا و دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14-10-2026 د. بەڕەڤان سەباح، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی بە رووداوی راگەیاند، ئەوە خانمێکی 75 ساڵ بوو و پێش سێ مانگ بە دۆخێکی تەندروستیی دژوار هێنرایە بەشی فریاکەوتن کە پێویستیی بە چاودێریی بەردەوام هەبوو چونکە ئەم کێشانەی هەبوو؛
- بەرزەپەستانی خوێن.
- خوێنمەیینی قاچەکانی.
- جەڵتەی سییەکان.
- گەشکەی بەردەوام.
- دابەزینی رێژەی خڕۆکە سوورەکانی، خڕۆکە سپییەکانی و پەڕەکانی خوێنی.
- هەوکردنی تووندی جەستە (گەنینی خوێن).
ئەو نەخۆشە تووشبووی نەخۆشیی ئەڵزهایمەر بووە کە باوترین نەخۆشیی لەبیرچوونەوەیە و لە بەشی هەناو و بووژاندنەوەی دڵ ماوەتەوە و رۆژی سێشەممە 13-10-2026 رەوانەی ماڵەوە کرا.
د. بەڕەڤان سەباح ئەوەشی باس کرد کە بەشی چاودێریی چڕ لە سۆران نییە و بڕیارە مانگی داهاتوو بکرێتەوە، بەڵام هەموو کارێکی چاودێریی چڕیان بۆ ئەو نەخۆشە کردووە و لەئەنجامدا بە تەندروستییەوە ناردوویانەتە ماڵەوە.



