رووداو - تەندروستی
زانکۆی یەیل لە توێژینەوەیەکدا دەریدەخات، دەرمانێکی تایبەت بە نەخۆشیی فێ توانای هەیە ئازاری جومگەکان کەم بکاتەوە و هاوکات یارمەتیی گەشەکردنەوە و چاکبوونەوەی شانە زیانپێگەیشتووەکان بدات.
پرۆفیسۆر د. چوان جو لیو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جومگە و ئێسک رایگەیاند، رێگەیەکی نوێیان بۆ گەڕاندنەوەی جومگەکان بۆ دۆخی ئاسایی دۆزیوەتەوە، بەپێچەوانەی دەرمانەکانی پێشوو کە تەنیا ئازاریان کەمدەکردەوە.
پسپۆڕەکە دەریخستووە، ئەم توێژینەوەیە لە قۆناغی تاقیکردنەوەی پێش کلینیکیدایە لەسەر شانە و مۆدێلی زانستی کراوە هێشتا لەسەر ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ تاقی نەکراوەتەوە، بەڵکو قۆناخی تاقیگەیی بڕیوە.
چۆن کار دەکات؟
بە پێی توێژینەوەکە کە دەریخستووە، دەرمانەکە بە ناوی لاکۆسەماید ( Lacosamide )، ئەم دەرمانە پرۆتینێک لە جومگەدا دەگرێت کە بەرپرسە لە دروستکردنی ئازار و تێکشکاندنی خڕوکەی جومگە. بۆ ئەوەی دەرمانەکە بە باشی کار بکات، پزیشکان لەگەڵ جێڵێکی تایبەت تێکەڵیان کردووە کە دەرمانەکە لە ناو جومگەدا دەهێڵێتەوە و بە هێواشی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دەیدات بە جومگەکان، بەبێ ئەوەی پێویست بکات رۆژانە حەب بخورێت.
سەرەڕای ئەوەی دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) هیچ دەرمانێکی بۆ نۆژەنکردنەوەی جومگە وێرانبووەکان پەسەند نەکردووە، پزیشکان هیواخوازن تاقیکردنەوەی دەرمانەکە لەسەر مرۆڤ خێراتر بکەن. چونکە دەرمانەکە پێشتر مۆڵەتی بەکارهێنانی هەیە، دەکرێت لە داهاتوودا نەخۆشان لە نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە رزگار بکات.


