رووداو - تەندروستی
لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانیدا بەڕێوەبەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان (نەخۆشییە نەگوازراوەکان) و دەرووندروستی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد، مەترسییە درێژخایەنەکانی دەرزییەکانی کێشدابەزاندن کەمتر نین لە مەترسییەکانی قەڵەوی، نابێت بە ئاسانی بەدەست هەموو کەس بگەن.
سۆرێن برۆستڕۆم، بەڕێوەبەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان و دەرووندروستی لە WHO دەڵێت: ئەو بەدخۆراکییەی دەرزییەکی کێشدابەزاندن دروستیدەکات مەترسییەکی گەورەیە لەسەر داهاتووی تەندروستیی بەکارهێنەر.
ئەو بەرپرسە ئەوەشی باس کرد کە 100 ساڵە دەرزیی ئەنسۆلین داهێنراوە کەچی هێشتا نیوەی نەخۆشانی شەکرە لە جیهاندا دەستیانناکەوێت و ئەوەش بە کێشەیەکی گەورە و ئاڵنگارییەکی سەرەکی دانا بۆ زیادبوونی قوربانیی شەکرە.
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، دەرمانەکان قەڵەوی سەرەتا بۆ نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو بەکاردەهاتن و ئێستاش بە ئەو کەسانە دەدرێت کە نەخۆشیی شەکرە و دڵیان هەیە و قەڵەون، هەروەها پسپۆڕان دەڵێن، ئەو دەرمانانە چارەسەرێکی خێرا و جێگرەوە نین بۆ خۆراکی باش و وەرزشکردن، هەروەها پێویستە تەنیا لەژێر چاودێریی پزیشکدا بەکاربێن.
بەپێی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی NHS لە بەریتانیا ئەمانە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکانی دژەقەڵەوین؛
- بێهێزی و لاوازبوون
- قەبزی
- سکچوون
- سووتانەوە گەدە (دڵەکزێ)
- رشانەوە و دڵتێکهەڵاتن
- ئازاری گەدە
- سەرسووڕان و لەهۆشخۆچوون

.png&w=3840&q=75)
