رووداو - تەندروستی
لەنێو لووتکەی تەندروستیی جیهانیدا کە لە بەرلین بەڕێوەدەچێت، وەزیری پێشووتری وڵاتی پێروو نهێنییەک ئاشکرا دەکات و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی گەندەڵییەکی ئاشکرا کردووە، لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە.
د. پاتریشا گارسیا، وەزیری پێشووتری تەندروستیی پێروو لە نێو پانێڵەکەیدا گوتی: بەهۆی ئەوەی گەندەڵیم رەتکردەوە؛ دوای تەنیا سێ مانگ، لە پۆستی وەزیری تەندروستی دوور خرامەوە.
ئەوەشی باس کرد کە یەکێک لە گەندەڵترین کەرتەکانی جیهان، تەندروستییە.
لووتکەی تەندروستیی جیهانی چییە؟
لووتکەی تەندروستیی جیهانیی 2026 دەستیپێکردووە و زیاتر لە چوار هەزار بەشداربوو لە 130 وڵاتی جیاوازەوە بەشداربن لەکاتێکدا زیاتر لە هەزار بەشداربووی ئۆنڵاینیشی هەیە.
لووتکەی تەندروستیی جیهانیی 2026 لە رۆژانی 11 تاوەکو 13ـی تشرینی یەکەم لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت و درووشمی ئەم ساڵیش ''لە قەیرانەوە بۆ خۆڕاگری، داهێنان لەپێناو تەندروستی''ـیە.
لووتکەی تەندروستیی جیهانی لە ساڵی 2009، بۆ یەکەمجار لەلایەن زانکۆی شاریتەی ئەڵمانیا رێکخرا، لەوکاتەوە ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەردا(تشرینی یەکەم) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، ئامانجی لووتکەکە گەنگەشەکردنی کێشە تەندروستییەکانە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان.
لووتکەکە سەرکردە سیاسی و زانستییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتە تایبەتییەکان کۆ دەکاتەوە. گفتوگۆکان باس لە ئیبۆلا و نەخۆشییە گوازراوەکانی دیکە، دژەبەکتریاکان، ئامادەکاری بۆ پەتای داهاتوو، سیستمی تەندروستیی خۆڕاگر، چاودێریی تەندروستی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان وەک ئۆکراینا و هەڕەشە تەندروستییەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا دەکەن.
.png&w=3840&q=75)

