رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی مکگیڵ لە کەنەدا کە لە گۆڤاری نەیچەر مێدیسن بڵاوکرایەوە، ئەوەی دەرخستووە کە خانمان لە چەندین ناوچەی جیاوازی جەستەیاندا ئازاریان زیاترە لە پیاوان، توێژینەوەکە شیکاریی بۆ داتای نزیکەی 6.1 ملیۆن کەس لە 118 وڵات و هەرێم کردووە، بەمەش بووەتە یەکێک لە گەورەترین لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئازار لە جیهاندا.
خانمان لە هەر 11 ناوچەکەی جەستەدا کە لەلایەن توێژەرانەوە پشکنینیان بۆ کرابوو، ئاستێکی بەرزتری ئازاریان هەبووە. ئەو ناوچانەش؛ سەر، دەموچاو، مل، شان، دەستەکان، پشت، سک، حەوز و ئەژنۆکان. جیاوازییەکان بەتایبەتی لە ئازاری سەر، دەموچاو و سکدا بەرچاو بوون.
توێژینەوەکە دەریخست کە نزیکەی 40٪ی بەشداربووان ئازاری پشتیان هەبووە، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە باوترین جۆرەکانی ئازار، لە کاتێکدا ئازاری دەموچاو کاریگەریی لەسەر نزیکەی 2٪ی بەشداربووان هەبووە. توێژەران تێبینییان کرد کە بەگشتی ئازار لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا زۆرتر دەبێت.
بەپێی توێژینەوەکە ئەمانەی خوارەوە هۆکارە باوەکان بوون بۆ زیادبوونی ئازار
- جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشان
- قەڵەوی
- کەمیی داهات و هەژاری
- نەبوونی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان
- دانیشتن لە ناوچە دوورەدەستەکان
