رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک، چارەسەرێکی شۆڕشگێڕانەی بۆ نەخۆشیی گەڕی خستووەتەڕوو کە بریتییە لە لۆشنێکی نوێ و تەنیا یەک جار بەکاردێت، لۆشنەکە کە لە زەیتی زەیتوون دروستکراوە، دەتوانێت کرمی گەڕی و هێلکەکانیشی بەتەواوی لەنێوببات، ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بنبڕکردنی ئەم نەخۆشییە پێستە باوە.
نەخۆشیی گەڕی، کە بەهۆی کرمێکی بچووکەوە دروستدەبێت و خورانێکی زۆری هەیە، ساڵانە نزیکەی 400 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا تووشی دەبن، چارەسەرە ستانداردەکانی ئێستا وەک حەبی ئێڤێرمێکتین، تەنیا کرمە پێگەیشتووەکان دەکوژن و کاریگەرییان لەسەر هێلکەکان نییە، بۆیە نەخۆش پێویستی بە بەکارهێنانی چارەسەر بۆ چەند جارێک دەبێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری (Science Translational Medicine) بڵاوکراوەتەوە، توێژەران لۆشنێکی نوێیان پەرەپێداوە کە دوو پێکهاتەی سەرەکی لەخۆدەگرێت و لەنێو زەیتی زەیتووندا تواوەتەوە ئەوانیش، ئابامێتاپیرە کە رێگری لە هەڵهاتنی هێلکەی کرمەکان دەکات و فلاڤێسۆنە پێکهاتەیەکی سرووشتییە و بەخێرایی کرمە پێگەیشتووەکان دەکوژێت.
توێژەران، لۆشنەکەیان لەسەر بەراز تاقیکردەوە کە پێستیان هاوشێوەی پێستی مرۆڤە و بۆیان دەرکەوت تەنیا بە یەک جار بەکارهێنانی لۆشنەکە بۆ ماوەی چوار بۆ هەشت کاژێر، توانی 100٪ـی کرم و هێلکە زیندووەکان لە ماوەی 24 کاژێردا لەنێوببات.
چارەسەرە نوێیەکە زۆر کاریگەرتر بوو لە حەبی ستانداردی ئێڤێرمێکتین، کە نەیتوانیبوو نەخۆشییەکە لە هەندێک حاڵەتدا بەتەواوی بنەبڕ بکات، ئەو ئاژەڵانەی چارەسەرە نوێیەکەیان وەرگرتبوو، لە ماوەی هەفتەی یەکەمدا نیشانەکانی خورانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد.
