رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لەلایەن کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەریخستووە، ئەو خانمە گەنجانەی (خوار تەمەنی 40 ساڵ) کە تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن ئەگەر داهاتیان کەم بێت، زیاتر رووبەڕووی دواکەوتنی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەبنەوە، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆشییەکە لە قۆناخێکی درەنگتردا دەستنیشان بکرێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری (Cancer) بڵاوکراوەتەوە، لەبەرئەوەی پشکنینی ئاسایی بۆ خانمانی خوار 40 ساڵ پێشنیاز ناکرێت، نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک لەم تەمەنەدا زۆرجار پشتگوێ دەخرێن، بە بیانووی ئەوەی کە "زۆر گەنجن" بۆ تووشبوون بەم نەخۆشییە.
توێژەران، شیکارییان بۆ داتای زیاتر لە 1,000 خانمی گەنجی تووشبوو بە شێرپەنجەی مەمک کردووە و بەدواداچوونیان بۆ سێ جۆر دواکەوتن کردووە: دواکەوتن لە سەردانکردنی پزیشک، دواکەوتن لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و دواکەوتن لە دەستپێکردنی چارەسەر.
هەرچەندە دواکەوتنەکان راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر رێژەی مانەوە لە ژیاندا نەبوو، بەڵام دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە لە قۆناخێکی درەنگتردا، باری چارەسەر قورستر دەکات و پێویستی بە چارەسەری چڕتر دەبێت، وەک نەشتەرگەریی بەرفراوانتر و چارەسەری تیشکی.
دەرەنجامەکان، جەخت لە گرنگیی هۆشیارکردنەوەی خانمانی گەنج و کارمەندانی تەندروستی دەکەنەوە سەبارەت بە نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک لە تەمەنی گەنجیدا، بۆ ئەوەی چارەسەر دوانەکەوێت و باری نەخۆشییەکە لەسەر تووشبووان کەم بکرێتەوە.
