رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی یۆنانی، کە بۆ ماوەی 20 ساڵ بەردەوام بووە، دەریخستووە خواردنی خۆراکی تەندروست رۆڵێکی سەرەکی لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە سستبوونی دڵدا دەگێڕێت.
بەگوێرەی توێژینەوەکەی زانکۆی زانکۆی کاپۆدیستریان لە یۆنان، کە لە گۆڤاری Nutrients بڵاوکراوەتەوە، گرنگیدان بە کواڵێتیی خۆراک و خواردنی پێکهاتە خۆراکییە سوودبەخشەکان، زیاتر لە دوورکەوتنەوە لە خۆراکی ناتەندروست، مەترسیی سستبوونی دڵ کەمدەکاتەوە.
توێژەران، پشتیان بە داتای 2,159 کەسی پێگەیشتوو لە یۆنان بەستووە، کە لە سەرەتای توێژینەوەکەدا لە ساڵانی 2001-2002 هیچ نەخۆشییەکی دڵ و لوولەکانی خوێنیان نەبووە، دوای 20 ساڵ بەدواداچوون، دەرکەوت 241 کەس لە بەشداربووان تووشی سستبوونی دڵ بوون.
ئەو کەسانەی کواڵێتیی خۆراکیان نزم بوو، بە رێژەی 20.7% تووشی سستبوونی دڵ بووبوون، لە کاتێکدا ئەو رێژەیە لەنێو ئەوانەی خۆراکی تەندروستیان دەخوارد نزیکەی 6.6% بوو، توێژینەوەکە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەنێوان خواردنی خۆراکی ناتەندروست و زیادبوونی مەترسیی سستبوونی دڵدا نەدۆزییەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە گرنگیدان بە خۆراکی تەندروست کاریگەریی سەرەکیی هەیە.
