رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی هۆڵەندی دەریخستووە، خواردنی رۆژانەی پاقلەی سوودانی دەتوانێت وەڵامدانەوەی مێشک بۆ هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە کەسانی بەساڵاچوودا باشتر بکات، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر یادگە و تەندروستیی گشتیی مێشک هەیە.
ئەنسۆلین، رۆڵێکی گرنگ لە کارکردنی مێشکدا دەگێڕێت و یارمەتیی پەیوەندیی نێوان دەمارەخانەکان دەدات، کە بۆ پاراستنی یادگە و خۆپاراستن لە نەخۆشیی ئەڵزەهایمەر گرنگە، لەگەڵ چوونە تەمەنەوە، هەستیاریی مێشک بۆ ئەنسۆلین کەم دەبێتەوە، کە ئەمەش پەیوەستە بە پاشەکشەی توانای هزری.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لەلایەن سەنتەری پزیشکیی زانکۆی ماستریخت ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری (Food & Function) بڵاوکراوەتەوە، بەشداربووان بۆ ماوەی 16 هەفتە، رۆژانە 60 گرامیان لە پاقلەی سوودانیی برژاوی بێ خوێییان خواردووە، توێژەران بە بەکارهێنانی تیشکیی MRI، چاودێریی وەڵامدانەوەی مێشکیان بۆ ئەنسۆلین کردووە.
دوای 16 هەفتە، وەڵامدانەوەی مێشکی بەشداربووان بۆ ئەنسۆلین لەو ناوچانەی کە پەیوەستن بە یادگەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر ببوو، هەمان تیمی توێژینەوە لە شیکارییەکی دیکەدا بۆیان دەرکەوت کە خواردنی پاقلەی سوودانی بۆ هەمان ماوە، رێڕەوی گشتیی خوێنی مێشکی بە رێژەی 3.6% زیادکردووە.
توێژەرانی زانکۆی ماستریختی هۆڵەندی دەڵێن، ئەم سوودانە بۆ پێکهاتە دەوڵەمەندەکەی پاقلەی سوودانی دەگەڕێننەوە، وەک چەورییە تەندروستەکان، ریشاڵ، ڤیتامین و کانزاکان، توێژینەوەکە، دەریدەخات کە زیادکردنی ژەمێکی رۆژانەی پاقلەی سوودانی بۆ سیستمی خۆراکی، دەتوانێت رێگەییەکی خۆراکیی سادە و کاریگەر بێت بۆ پشتگیریکردن لە تەندروستیی درێژخایەنی مێشک لە بەساڵاچوواندا.
