رووداو - تەندروستی
یاریزانانی یانەی بایەرن میونشنی ئەڵمانی لە کاتی راهێنانەکاندا پلاستەرێک لە نەرمەی گوێیان دەدەن، ئەمەش بەشێکە لە سیستمی نوێی پزیشکیی وەرزشی بۆ چاودێریکردنی ئاستی جەستەیی و ماندووبوونیان، ستافی پزیشکیی یانەکە لە رێگەی ئەو پلاستەرەوە نموونەیەکی زۆر بچووکی خوێن لە نەرمەی گوێی یاریزانان وەردەگرن بۆ پێوانەکردنی ئاستی لاکتەیت لە خوێنیاندا.
پشکنینی لاکتەیت چییە و چۆن یارمەتیی یانەکە دەدات؟
پشکنینی لاکتەیت، وێنەیەکی روون دەداتە ستافی راهێنەران لەبارەی وەڵامی جەستەیی هەر یاریزانێک بۆ راهێنانەکان، کاتێک راهێنانەکان قورس دەبن جەستە مادەی لاکتەیت بەرهەمدەهێنێت بە پێوانەکردنی ئاستی ئەم مادەیە، ستافەکە دەتوانێت بزانێت ئایا یاریزانێک زیاد لە پێویست ماندوو بووە یان نا.
ئەم زانیارییانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی قورسیی راهێنانەکان بۆ هەر یاریزانێک بە شێوەیەکی تایبەت رێکبخرێت، چونکە ئاستی بەرگەگرتنی یاریزانان تەنانەت لە کاتی ئەنجامدانی هەمان راهێنانیشدا جیاوازە.
بە چاودێریکردنی ئاستی لاکتەیت، ستافی وەرزشیی بایەرن دەتوانێت بە وردی بزانێت کە جەستەی یاریزانان چۆن مامەڵە لەگەڵ فشاری راهێنانە قورسەکان و یارییەکاندا دەکات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی باری یاریزانان، تاوەکو بەبێ ئەوەی تووشی ماندووبوونی تاقەتپڕووکێن ببن، ئاستی خۆیان بۆ ماوەیەکی درێژ بپارێزن.
بەپێی کلیڤلاندی پزیشکی, لاکتەیت (زۆرجار پێی دەگوترێت ترشی لاکتیک)، مادەیەکی سروشتییە کە جەستە بە بەردەوامی وەک بەرهەمێکی لاوەکیی گۆڕینی خۆراک (کاربۆهیدراتەکان) بۆ وزە، بەرهەمی دەهێنێت. لە کاتێکدا زۆر کەس بە هەڵە وەک بەرهەمێکی پاشەڕۆی بێسوود و هۆکاری ئازاری ماسولکەکان سەیری دەکەن، بەڵام لە راستیدا سەرچاوەیەکی سووتەمەنیی گرنگە بۆ دڵ، مێشک و ماسولکەکان.
