رووداو - تەندروستی
د. نورەدین جەلال، بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چەمچەماڵدا نەخۆشخانەی نیمچە تایبەت نییە، لە ناوچەکانی دیکە بەشێک لە کەموکورتیەکان بەهۆی نەخۆشخانەی نیمچە تایبەتەوە چارەسەر دەبێت، هەروەها بەهۆی قەیرانی داراییەوە کەموکورتی لە پێداویستیی پزیشکی هەیە.
د. نورەدین جەلال گوتی: سەرەڕای ئەوەی ئەو نەشتەرگەرییانەی دەکرێن بێ بەرامبەرن، بەڵام زۆرجار کە بەشێک لە پێداویستییەکان نامێنن، هاونیشتمانییان لەسەر گیرفانی خۆیان ناچارن دەستەبەری بکەن، ئەمەش ئەرکە لەسەریان.
ئەوەش باس دەکات کە کەموکوڕییەکان تەنیا لە پێداویستییە پزیشکییەکاندا نین، بەڵکو پێداویستیی تاقیگە و کەمیی کارمەند و پزیشکی پسپۆڕیشی گرتووەتەوە، ئەو پسپۆڕیانەش (دەروونی، نەشتەرگەری مێشک و دەمار، هەرس و جگەر، نەشتەرگەری دڵ و لوولەکانی خوێن و چەندین پسپۆڕی دیکە دەگرێتەوە)، سەرەڕای ئەوەی ئەو پزیشکە پسپۆڕیانەی هەن ژمارەیان کەمە و پێویستیان بە ژمارەیەکی زیاتر لە پزیشکی پسپۆڕ هەیە.
دەربارەی ئاماری نەشتەرگەریی خانمان و منداڵبوون، د. نورەدین جەلال گوتی: تەنیا لە مانگی رابردوودا 165 لەدایکبوونی منداڵ بە شێوەی سرووشتی و 183 نەشتەرگەری خانمان و منداڵبوون بێ بەرامبەر لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی ئەندازیار شەهید هۆشەنگ ئازاد بۆ منداڵبوون ئەنجامدراون کە 50 نەشتەرگەریی گەرم و 98 نەشتەرگەریی سارد و 35 نەشتەرگەریی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە.



