رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی نۆتردام لە ئەمریکا دەریخستووە، شێوازی مامەڵە و پەروەردەی دایک و باوک بۆ منداڵ لە ساڵانی سەرەتای تەمەنیدا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دەرووندروستیی و بەختەوەریی هەیە لەکاتی گەورەبووندا.
کەیلین هیڵ، دەرووناس و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: پیاهەڵدان یان سەرزەنشتکردنی منداڵ دەکرێت بە قووڵی لە ناخیدا بچەسپێت و دیاری بکات کە ئایا ئەو منداڵە لە تەمەنی نەوجەوانی یان گەنجیدا تووشی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ یان بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەبێت یان نا.
هیڵ و تیمەکەی سەرەتا بە چاودێریکردنی کارلێکی نێوان منداڵانی تەمەن 3 ساڵ و دایک و باوکیان دەستیان پێکرد. دواتر ئەو چاودێرییانەیان بەراورد کرد لەگەڵ گەشەسەندنی وەڵامدانەوەی دەماریی مێشک بۆ پاداشت—واتە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی مێشک بۆ هاندەرە ئەرێنییەکان—لە هەمان منداڵاندا لە تەمەنەکانی 9، 12، 15 و 18 ساڵیدا، دەرکەوت ئەو منداڵانەی پەروەردەیەکی ئەرێنیی زیاتریان وەرگرتبوو، زیاتر دڵخۆش بوون بە بەراورد بەو مندالانەی پەروەردەیان نەرێنی بووە.
هیڵ دەڵێت، "ئەوەی بینیمان ئەوە بوو، هەرچەندە رەفتارە پەروەردەییە ئەرێنییەکان زیاتر و نەرێنییەکان کەمتر بن لە تەمەنی 3 ساڵیدا، وەڵامدانەوەی مێشک بۆ پاداشت لەلایەن تاکەکانەوە لە سەرتاسەری قۆناخی نەوجەوانی گەورەتر بێت''.
بە واتایەکی دیکە، هەرچەندە منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا ستایش و پشتگیریی زیاتر لە دایک و باوکیانەوە وەربگرن، باشتر دەتوانن چێژ لە خۆشییەکانی ژیان وەربگرن.


