رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی رایگەیاند، شێرپەنجەی مەمک یەکسان نییە بە مردن لە خانمان، بۆیە شەرم مەکە و پشکنین بکە، چونکە تاکە رێگەیە کە بتوانرێت دەستنیشانی پێشوەختەی نیشانەی گوماناویی بکرێت.
د. یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەڵێت "شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆرە ساڵانە لە 20٪ حاڵەتەکان تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن لە نەخۆشخانەی هیوا".
د. یاد نەقشبەندی دەریخستووە، تێچووی نەخۆشێکی شێرپەنجە لە قۆناخەکانی سەرەتایدا کە سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکات بە نزیکەی 60 هەزار دینارە، بەڵام لە قۆناخێکی پێشکەوتوو پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت و چارەسەری درێژخایەن دەکرێت بەلام هەندێکجار چارەسەرەکە ئەستەمە یان گرفتی دەرمانی بۆ دروستدەبێت ئەمەش لە هەموو عێراق تووشی ئەم کێشەیە دەبینەوە، بۆیە لەسەر حکومەت و وەزارەتی تەندروستی پێویستە هەموو کات پێداویستییەکانمان بۆ دابین بکەن.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت.
شێرپەنجەی مەمک، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەی خانمانە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام زانینی راستییەکی گرنگ دەتوانێت هەموو هاوکێشەکە بگۆڕێت: ئەگەر ئەم نەخۆشییە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان بکرێت، رێژەی چارەسەرییەکەی دەتوانێت بگاتە سەروو 95٪ هەر بۆیە، پشکنینی پێشوەختە رێگەیەکی گرنگە بۆ پێشگیریکردن لەو شێرپەنجە کوشندەیە.
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
رۆژی هەینی 2-10-2026 هەڵمەتەکە لە شەقڵاوە دەستیپێکرد و بەشێوەی راستەوخۆ لە سۆشیاڵ میدیا و شاشەی رووداو گوازرایەوە، ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
ئەو شوێنانە کوێن کە خانمان دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن پشکنینی خۆڕایی مەمکی تێدا بکەن؟
ئەو فۆڕمەی پڕی دەکەیتەوە بەپێی ئەو شارەی لێی دادەنیشیت ئەم شوێنانەی تێدایە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی پشکنینی مەمک بکرێت؛
- لە هەولێر )نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری، بنکەی تەندروستیی نازدار بامەڕنی و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئینگلیزی، سەنتەری میدیا و سەنتەری بایۆ(
- لە سلێمانی (نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی تایبەتیی ئاسیا و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەنوەر شێخە)
- لە دهۆک (نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی تایبەتیی شریان)
- لە هەڵەبجە (سەنتەری هەرس، جگەر و نەخۆشییەکانی مەمک)
.png&w=3840&q=75)
_format(webp).webp&w=3840&q=75)

