رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی پیتسبێرگ دەریخستووە، ئەو کەسانەی بەدەست تێکچوونی کەمیی سەرنج و فرەجووڵەیی (ADHD)ـەوە دەناڵێنن، مەترسیی تووشبوونیان بە ئەڵزەهایمەر و کێشەکانی بیرەوەری لە تەمەنی پیریدا نزیکەی سێ هێندە زیاترە.
توێژەرانی زانکۆی پیتسبێرگ، بۆ ماوەی 10 ساڵ چاودێریی زیاتر لە 187 هەزار کەسی بەساڵاچوویان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کەمیی سەرنج و فرەجووڵەییان هەبووە، بە بەراورد بە کەسانی دیکە، سێ هێندە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە ئەڵزەهایمەر هەبووە.
بەگوێرەی ئەنجامەکان، کە لە گۆڤاری (JAMA) بڵاوکراوەتەوە، پەیوەندییەکە دوای لەبەرچاوگرتنی هۆکارەکانی دیکەی مەترسی وەک نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، نەخۆشییە دەروونییەکانی دیکە، هەر بەردەوام بووە.
توێژەران، پێیانوایە کەمیی سەرنج و فرەجووڵەیی لەوانەیە کاریگەریی هەبێت لەسەر توانای مێشک بۆ بەرگریکردن، هەروەها لەوانەیە هۆکارەکانی وەک گوشاری دەروونی درێژخایەن، کێشەکانی خەو و خۆراکی ناتەندروست رۆڵیان هەبێت.
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا (NHS)، رێنوێنیی دەداتە خەڵکی کە پەیڕەوکردنی شێوازێکی ژیانی تەندروست، وەک وەرزشکردن، سیستمی خۆراکیی هاوسەنگ، پاراستنی کێشێکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان، یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە ئەڵزەهایمەر.



