رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی بواری نەخۆشییەکانی دڵ رایدەگەیەنێت، خواردنی 5 جۆر میوە بەهۆی دەوڵەمەندییان بە ریشاڵ و پێکهاتە رووەکییەکان، یارمەتیدەرێکی سەرەکییە لە پاراستنی تەندروستیی دڵ و لوولەکانی خوێن.
بەپێی توێژینەوەییەک لە زانکۆی کاسۆلیکی لە مورسیا (UCAM)، پرۆفیسۆر د. ئابیان ئالێمان رایگەیاند، میوەکان سەرچاوەی سەرەکیی ریشاڵ، ڤیتامینن کە هەموویان بۆ تەندروستیی دڵ پێویستن و دەبێت بەشێوەیەکی هەمەچەشن بخورێن.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، ترێی سوور بەهۆی بوونی پێکهاتەی "ئەنسۆسیانین" کە دژەئۆکسانێکی بەهێزە، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە رێژەی 26% کەمدەکاتەوە، هاوکات سێو بەهۆی بوونی ریشاڵی "پێکتین"، یارمەتیی کەمکردنەوەی هەڵمژینی کۆلیسترۆڵ لە ریخۆڵەدا دەدات.
هەروەها، ترشەمەنییەکانی وەک پرتەقاڵ و لیمۆ، یارمەتیی رێکخستنی پەستانی خوێن دەدەن، بەڵام پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە میوەکە بە تەواوی بخورێت نەک تەنیا شەربەتەکەی، بۆ ئەوەی جەستە سوود لە ریشاڵەکانی وەربگرێت.
گێلاس و هەناریش دوو میوەی دیکەی گرنگن، گێلاس یارمەتیی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات و هەناریش بەهۆی دەوڵەمەندی بە دژەئۆکسانەکان، خانەکانی لەش لە زیان دەپارێزێت.
پرۆفیسۆر د. ئابیان ئالێمان، جەختی لەوە کردەوە کە "هەموو جۆرەکانی میوە مادەی خۆراکیی بەسوودیان تێدایە، بۆیە گرنگە بەشێوەیەکی رێکخراو و هەمەچەشن بخورێن".



