رووداو - هەولێر
توێژینەوەیەک لە گۆڤاری پزیشکیی (JAMA) بڵاو کراوەتەوە، دەریخستووە کە جۆرێکی تەواوکەری خۆراکی بەناوی نیکۆتیناماید رایبۆساید (NR)، سەرکەوتوو نەبووە لە هێواشکردنەوەی نەخۆشیی پارکینسن لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا.
توێژینەوەکە لە وڵاتی نەرویج و بە بەشداریی 410 نەخۆش ئەنجامدراوە کە لە قۆناخی سەرەتایی نەخۆشیی پارکینسن-دا بوون. بۆ ماوەی 52 هەفتە، نیوەی نەخۆشەکان رۆژانە دووجار حەبێکی 500 میلیگرامیی نیکۆتیناماید رایبۆساید-یان وەرگرتووە، کە جۆرێکە لە ڤیتامین B3، لە کاتێکدا نیوەکەی دیکە حەبێکی بێ کاریگەری (پلاسیبۆ)یان پێدراوە.
دەرەنجامەکان، دەریانخست کە وەرگرتنی تەواوکەرەکە هیچ باشبوونێکی کلینیکی لە نیشانەکانی نەخۆشەکاندا دروستنەکردووە، بەڵکو ئەو نەخۆشانەی تەواوکەرەکەیان وەرگرتبوو، نیشانەکانیان کەمێک زیاتر بەرەوخراپی چووبوو بە بەراورد بەو کەسانەی حەبە بێ کاریگەرییەکەیان وەرگرتبوو.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە جەختیان کردەوە کە دەرەنجامەکان بە روونی نیشانیدەدەن کە نیکۆتیناماید رایبۆساید چارەسەرێکی کاریگەر نییە بۆ هێواشکردنەوەی پارکینسن و ئامۆژگاریی نەخۆشان دەکەن کە خۆیان لە بەکارهێنانی ئەم تەواوکەرە بۆ ئەم مەبەستە بەدووربگرن.
نەخۆشیی پارکینسن چییە؟
پارکینسن نەخۆشییەکی کۆئەندامی مێشک و دەمارە؛ کاردەکاتە سەر جووڵەی جەستە. دەمارەخانەکانی کەسی تووشبوو دەپووکێنەوە، بەهۆی ئەوەی ئاستی دۆپامین لە جەستەدا کەم دەبێتەوە یاخود نامێنێت، باوترین نیشانەشی هەرچەندە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت بەڵام بریتین لە 'پووکانەوە ماسوولکەکان، لەرزین، ناڕێکیی جووڵە، ناهاوسەنگیی جەستە، تێکچوونی بیرکردنەوە و تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی'.
بەگوێرەی دامەزراوەی پارکینسن، لە جیهاندا زیاتر لە 10 ملیۆن تووشبووی نەخۆشییەکە هەن.
.jpeg&w=3840&q=75)


