رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایدەگەیێنێت، پێشتر نەخۆش دەبوایە بچوایەتە کفری و کەلار بۆ ئەوەی مەمۆگرام بکەن، بەڵام ئێستا ئەوە نەما و هەر لە قەزای رزگاری دەتوانن پشکنین بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-10-2026 د. محەممەد ئازاد، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، ئەمە سێیەم ئامێری مەمۆگرامە کە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دابیندەکرێت.
د. محەممەد ئازاد گوتی: لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 3 ئامێری مەمۆگرام هەن و پزیشکی پسپۆڕ بۆ نەخۆشخانەی رزگاری دابین دەکرێت.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت.
شێرپەنجەی مەمک، بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەی خانمانە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام زانینی راستییەکی گرنگ دەتوانێت هەموو هاوکێشەکە بگۆڕێت: ئەگەر ئەم نەخۆشییە لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا دەستنیشان بکرێت، رێژەی چارەسەرییەکەی دەتوانێت بگاتە سەروو 95٪. هەر بۆیە، پشکنینی پێشوەختە رێگەیەکی گرنگە بۆ پێشگیریکردن لەو شێرپەنجە کوشندەیە.
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
رۆژی هەینی 2-10-2026 هەڵمەتەکە لە شەقڵاوە دەستیپێکرد و بەشێوەی راستەوخۆ لە سۆشیاڵ میدیا و شاشەی رووداو گوازرایەوە، ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.
ئەو شوێنانە کوێن کە خانمان دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە دەتوانن پشکنینی خۆڕایی مەمکی تێدا بکەن؟
ئەو فۆڕمەی پڕی دەکەیتەوە بەپێی ئەو شارەی لێی دادەنیشیت ئەم شوێنانەی تێدایە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی پشکنینی مەمک بکرێت؛
- لە هەولێر (نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری، بنکەی تەندروستیی نازدار بامەڕنی و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئینگلیزی، سەنتەری میدیا و سەنتەری بایۆ).
- لە سلێمانی (نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی تایبەتیی ئاسیا و نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەنوەر شێخە).
- لە دهۆک (نەخۆشخانەی ئازادی و نەخۆشخانەی تایبەتیی شریان).
- لە هەڵەبجە (سەنتەری هەرس، جگەر و نەخۆشییەکانی مەمک).

.jpeg&w=3840&q=75)
