رووداو- تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ نەخۆشییە دەمارییەکانەوە ئەنجامدراوە، ئەو کەسانەی لە نزیک ئەو دامەزراوە پیشەسازییانە دەژین کە سەرچاوەکانی ئاو پیس دەکەن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکی دەگمەنی جووڵەیی بە ناوی (PSP) زیاترە.
نەخۆشیی PSP، بەشێکە لەو نەخۆشییە دەمارییانەی کە لە نەخۆشیی پارکینسۆن دەچن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی خێراتر گەشە دەکات و وەڵامدانەوەی بۆ چارەسەر جیاوازە.
توێژینەوەکەی ئەکادیمیا ئەمریکییەکە لەسەر زیاتر لە 500 هەزار کەس بۆ ماوەی 25 ساڵ ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە کە لەو ماوەیەدا 221 کەس تووشی نەخۆشیی PSP بوون.
د. چارلی وەیگ ژاو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت، "ئەو کەسانەی لە دووریی نزیکەی 4.8 کیلۆمەتر لە دامەزراوەیەک ژیاون کە مادەی پیسکەری وەک قڕکەرەکان، پیسکەری ئەندامی و نائەندامی و کانزا قورسەکانی تێدابووە، زیاتر تووشی PSP بوون."
هەروەها د. چارلی، ئاماژە بەوەش دەکات، "پیسکەرە ژینگەییەکانی وەک ئەوانەی لە پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی، کارگە کیمیاییەکان و وێستگەکانەوە دەردەچن، رەنگە رۆڵیان لە گەشەکردنی نەخۆشیی PSPدا هەبێت."


