رووداو- تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەی تووشبوون بە نەخۆشیی سورێژە لە ویلایەتەکەدا بۆ 1398 کەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ویلایەتەکە رووبەڕووی خراپترین دۆخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بووەتەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ویلایەتەکە، تەنیا لە رۆژی دووشەممەوە 38 حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە، هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە تاوەکو ئێستا لەمساڵدا 265 کەس بەهۆی سورێژەوە لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون و پێنج کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە، ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا (CDC) پشتڕاستی کردووەتەوە کە سێ کەس بەهۆی سورێژەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام شوێنی گیانلەدەستدانەکەیانی دیاری نەکردووە، بەپێی ئامارەکانی CDC، تا 22ی 10، لە سەرانسەری ئەمریکادا 4588 حاڵەتی تووشبوون بە سورێژە تۆمارکراوە، کە 1327 حاڵەتیان لە پێنسیلڤانیا بووە.
سەنتەرەکانی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا پێشتریش رایگەیاندبوو، هاوکاریی زیاتر دەنێرن بۆ پێنسیلڤانیا بەمەبەستی یارمەتیدان لە لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە


