رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی شێرپەنجە رایگەیاند، زۆربەی خانمان ئاگاداری ئەو مەترسییە گەورەیە نین کە خواردنەوە کحولییەکان لەسەر تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک دروستی دەکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دەیان ساڵە کحول وەک مادەیەکی شێرپەنجاوی ناسراوە.
بەگوێرەی راپرسییەک کە لەلایەن سەنتەری چارەسەریی "ریکەڤەری فێرست" بڵاوکراوەتەوە، تەنیا 30%ـی ئەو خانمانەی لە شێرپەنجەی مەمک چاکبوونەتەوە، ئاگاداری پەیوەندیی نێوان خواردنەوەی کحول و شێرپەنجەی مەمک بوون و تەنیا 26%ـیان گوتوویانە پزیشکێک لەو مەترسییە ئاگاداری کردوونەتەوە.
د. چارڵز سمیت، پسپۆڕ لە سەنتەری "ریکەڤەری فێرست" دەڵێت، خواردنەوەی کحول سێیەم هۆکاری سەرەکیی تووشبوونە بە شێرپەنجە کە دەکرێت رێگری لێبکرێت، ئەمەش دوای جگەرەکێشان و قەڵەوی دێت.
د. چارڵز سمیت ئاماژە بەوەدەکات، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تەنانەت بە خواردنەوەی رۆژانە یەک پەرداخ کحول یان کەمتر دەستپێدەکات و هەرچەندە بڕەکە زیاتر بێت، مەترسییەکەش زیاتر دەبێت.
بەگوێرەی داتاکان، پێشبینی دەکرێت تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 42,000 خانم بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە گیان لەدەستبدەن.

.jpeg&w=3840&q=75)

