رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی زانکۆی هارڤارد رایدەگەیێنن، بەکارهێنانی ئامێرێکی تایبەتی ددان لەکاتی خەودا، دەکرێت هێندەی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد (CPAP) کاریگەر بێت بۆ چارەسەری کێشەی پچڕانی هەناسە لەکاتی خەودا کە دەبێتە هۆی وەستانی کاتیی هەناسەدان و مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزەپەستانی خوێن زیاد دەکات.
هەرچەندە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد (CPAP)کە هەوا دەخاتە نێو رێڕەوی هەناسە، بە چارەسەری سەرەکی دادەنرێت، بەڵام بەکارهێنانی بۆ هەموو کەسێک ئاسان نییە، توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئامێرێکی ددانی تایبەت کە بە ئامێری پێشخستنی شەویلگە (oral appliance therapy) ناسراوە، دەتوانێت جێگرەوەیەکی کاریگەر بێت. ئەم ئامێرە یارمەتیی رێکخستنەوەی شوێنی شەویلگە و زمان دەدات، بەمەش رێڕەوی هەناسە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
لە ئەنجامی توێژینەوەکەی زانکۆی هارڤارد هاتووە، ئەو کەسانەی ئامێرە ددانییەکەیان بەکارهێناوە، هاوشێوەی بەکارهێنەرانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد (CPAP)، کەمتر تووشی خەواڵوویی رۆژانە بوون و پەستانی خوێنیان دابەزیوە، کاریگەرییە لاوەکییەکانی ئامێرە ددانییەکە، لەوانەیە بریتی بێت لە ئازارێکی کاتی لە شەویلگە یان ددانەکاندا.

.jpeg&w=3840&q=75)

