رووداو - تەندروستی
بە گوێرەی دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS) بەرزیی ئاستی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا، دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی چەوری لەنێو خوێنبەرەکاندا و تەسکبوونەوەیان، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی حاڵەتێک بە ناوی نەخۆشیی تەسکبوونەوەی دەمارەکانی قاچ (Peripheral Artery Disease) کە کاریگەری لەسەر سووڕی خوێنی قاچەکان دادەنێت.
یەکێک لە مەترسییەکانی بەرزیی کۆلیسترۆڵ ئەوەیە کە زۆرجار هیچ نیشانەیەکی سەرەتایی نییە و تەنیا لە رێگەی پشکنینی خوێنەوە دەستنیشان دەکرێت، بەڵام کاتێک کاریگەری لەسەر خوێنبەرەکانی قاچ دەبێت، چەند نیشانەیەک دەردەخات.
بەگوێرەی دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS)، باوترین نیشانەی نەخۆشیی تەسکبوونەوەی دەمارەکانی قاچ، بریتییە لە ئازارێکی بەئێش لە قاچەکاندا لە کاتی رۆیشتندا، کە زۆرجار دوای چەند خولەکێک لە پشوودان نامێنێت، ئازارەکە دەکرێت لە هەردوو قاچدا هەبێت، بەڵام لە یەکێکیاندا تووندتر بێت.
نیشانەکانی دیکە بریتین لە:
- هەڵوەرینی مووی قاچ و پێیەکان
- لاوازی و سڕبوونی قاچەکان
- شکان و خاوبوونەوەی گەشەی نینۆکی پێیەکان
- دەرکەوتنی برین لەسەر پێیەکان کە بە خاوی چاک دەبنەوە
- گۆڕانی رەنگی پێستی قاچەکان، وەک زەردبوون یان شین هەڵگەڕان
- لاوازیی سێکسی لە پیاواندا
دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، هۆشداری دەدات کە هەرچەندە ئەم نیشانانە بە تێپەڕبوونی کات و بەهێواشی دەردەکەون، بەڵام دەرکەوتنی لەناکاوی نیشانەکان یان خراپبوونیان لەپڕ، لەوانەیە ئاماژە بێت بۆ کێشەیەکی تەندروستیی مەترسیدار کە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
تووشبوون بە نەخۆشیی تەسکبوونەوەی دەمارەکانی قاچ، مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات، بۆیە گرنگە لە کاتی هەستکردن بە هەر یەکێک لەم نیشانانە، سەردانی پزیشک بکرێت، بۆ کەمکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ (NHS) رێنوێنی خەڵک دەکات بە کەمکردنەوەی خواردنی چەورییە تێرەکان، وازهێنان لە جگەرەکێشان، کەمکردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان و ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی رێکخراو.

.jpeg&w=3840&q=75)

