رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ئەمریکی کۆلێژی پزیشکیی مۆرسانی، زانکۆی فلۆریدا لە ئەمریکا، دەرمانەکانی ستاتین کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆڵیسترۆڵ بەکاردێن، رەنگە مەترسیی تووشبوون بە بەرزەپەستانی چاو کەم بکەنەوە.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکیی چاوی بەریتانی (British Journal of Ophthalmology) بڵاوکراوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ستاتین بەکاردەهێنن، مەترسیی تووشبوونیان بە بەرزەپەستانی چاو بە رێژەی 15٪ کەمترە بە بەراورد بەوانەی بەکاریناهێنن، بەرزەپەستانی چاو یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەدەستدانی بینایی، چونکە زیان بە دەماری بینین دەگەیێنێت، هەرچەندە ستاتینەکان بۆ دابەزاندنی کۆلیسترۆڵن، بەڵام توێژینەوەکانی پێشووتر ئاماژەیان بەوەکردووە کە رەنگە خانە دەمارییەکانیش بپارێزن.
لە توێژینەوەکەدا، داتای زیاتر لە 165 ملیۆن کەس شیکراوەتەوە، دوای پێنج ساڵ لە بەدواداچوون، دەرکەوت 2.3٪ی بەکارهێنەرانی ستاتین تووشی ئاوی رەشی چاو بوون، لە کاتێکدا رێژەکە لەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارنەهێنابوو 2.6٪ بوو.
هەروەها دەرکەوتووە، بەکارهێنانی ستاتین پێویستی بە چارەسەری زیاتری ئاوی رەشی چاو کەمکردووەتەوە، لەوانە:
- نەشتەرگەریی ئاسایی بە رێژەی 36٪
- نەشتەرگەریی کەم مەترسی بە رێژەی 55٪
- چارەسەری لێزەر بە رێژەی 60٪
- قەترەی چاو بە رێژەی 12٪
سەرەڕای ئەم ئەنجامانە، توێژەران جەخت دەکەنەوە کە توێژینەوەکەیان تەنیا پەیوەندیی نێوان دەرمانەکە و کەمبوونەوەی مەترسیی نەخۆشییەکەی دەرخستووە و نایسەلمێنێت کە ستاتینەکان رێگری لە بەرزەپەستانی چاو دەکەن.



.jpeg&w=3840&q=75)