رووداو - تەندروستی
تەندروستیی دهۆک لەبارەی بڵاوبوونەوەی چڕی سوورێژە لە ئاکرێ رایدەگەیێنێت، 13 منداڵ تووشی سوورێژە بوون کە پێشووتر ڤاکسینی دژەسوورێژەیان وەرنەگرتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک رایگەیاند، لەکۆی ئەو 13 منداڵە، پێنجیان چاک بوونەتەوە و دۆخی تەندروستیی هەشت منداڵەکەی دیکە لە نەخۆشخانە جێگیرە.
ئەوەش روون دەکاتەوە کە ئەوان ڤاکسینیان داوەتە ئەوانەی بەرکەوتووی ئەو منداڵانە بوون و هۆکاری سەرەکیی تووشبوونیشیان، نەکوتانیان بووە بە ڤاکسینی دژەسوورێژە.
لە سنووری قەزای ئاکرێ زۆرترین سوورێژە کە ئەم ساڵ تۆمار کرابێت، لە گوندی ئەستیسریان بووە کە پێکدێت لە 100 ماڵ و دانیشتووانەکەشی 670 کەسن. تەنیا لەو گوندە 10 تووشبوو تۆمار کراون؛ سیانەکەی دیکە هی گوندەکانی بێخمە، سۆسنا و کانیزەردێن.
ئەو گوندانە بە دووری 10 کیلۆمەتر لە دوو بنکەی تەندروستی دوورن و لەبەر نەبوونی هیچ تیمێکی گەڕۆک، وایکردووە ڤاکسین نەگاتە دەستیان.



