رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی یەیڵ دەریخستووە، مێشک لە کاتی پشوودا بە شێوەیەکی "ئۆفلاین" بەردەوام دەبێت لە فێربوون و چارەسەرکردنی گرفتەکان.
پرۆفیسۆر د. جۆرج دراگۆی، پسپۆڕێ دەروونی لە زانکۆی یەیڵ دەڵێت: "گرفتێکت هەیە و ناتوانیت چارەسەری بکەیت، پاشان پشوویەک وەردەگریت یان دەخەویت و چارەسەرەکە خۆی رووندەبێتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە مێشک لەکاتی پشووشدا خەریکی چارەسەرە."
توێژەرانی زانکۆ ئەمریکیەکە، تاقیکردنەوەیان لەسەر مشک ئەنجامدا، مشکەکانیان فێرکرد کە لە شوێنێکی دیاریکراودا خۆراک هەیە و ئەو شوێنە بۆنێکی تایبەتی هەیە ،دواتر شوێنی خۆراکەکەیان گۆڕی بۆ شوێنێکی تر کە بۆنێکی جیاوازی هەبوو سەرەتا مشکەکان نەیانتوانی خۆراکەکە بدۆزنەوە بەڵام دوای ئەوەی بۆ ماوەی یەک کاژێر پشوویان وەرگرت، کاتێک گەڕانەوە زۆر بە خێرایی لە شوێنە نوێیەکەی خۆراکەکەیان دۆزییەوە.
پرۆفیسۆر د. جۆرج دراگۆی دەڵێت: "ئەم فێربوونە خێرایە پەیوەندی بە "شەپۆلی" چالاکیی کورت و رێکخراو لە ناوچەی هیپۆکامپسی مێشکەوە هەیە، کە ناوەندی سەرەکیی بیرەوەرییە. ئەم شەپۆلانە تەنیا لە کاتی خەو یان پشووی ئارامدا روودەدەن."
ئەنجامەکان جەخت لە گرنگیی خەو و پشوو دەکەنەوە بۆ فێربوون. پرۆفیسۆر د. جۆرج گوتی: "ئەگەر کاژێری پێویست نەخەویت باش فێرنابیت، پێویستە لە گرفتەکان دوورکەونەوە و بۆ ئەوەی مێشک کارەکانی خۆی بکات."



