رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی خۆراک و قەڵەوی دەریخستووە، ئەو کەسانەی دەرمانەکانی گرووپی GLP-1 وەک ئۆزێمپیک و ویگۆڤی بۆ دابەزاندنی کێش بەکاردەهێنن، زیاتر لە چوار هێندەی کەسانی دیکە تووشی هەڵقڵیشان و جیابوونەوەی نینۆکەکانیان دەبن.
د. میر بی عەلی، پسپۆڕی خۆراک و قەڵەوی ئاماژە بەوەدەکات کە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە 39%ـی بەکارهێنەرانی دەرمانەکانی GLP-1 تووشی جیابوونەوەی نینۆک بوون، لەکاتێکدا ئەم رێژەیە لەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارنەهێناوە تەنیا 9% بووە، هەروەها گۆڕانی رەنگی نینۆک لە 46%ـی بەکارهێنەراندا بینراوە، بە بەراورد بە 17% لەو کەسانەی دەرمانەکەیان بەکارنەهێناوە.
ئەو پسپۆڕەی خۆراک و قەڵەوییە دەڵێت " ئەم گۆڕانکارییانە رەنگە تەنیا بەهۆی خودی دەرمانەکەوە نەبێت، بەڵکو دابەزینی خێرای کێش و کەمبوونەوەی مادە خۆراکییەکانی وەک پڕۆتین، ئاسن و زینکەوە هەبێت، چونکە ئەم دەرمانانە ئارەزووی خواردن کەمدەکەنەوە."
د. میر بی عەلی، گوتی: "کاتێک کێش دادەبەزێنیت، بەتایبەت لە خانماندا، هۆرمۆنەکان دەردەدرێن و گۆڕانکاریی لە زیندەچالاکی روودەدات، هەموو ئەمانە دەتوانن ببنە هۆی قژ هەڵوەرین و هەندێک گۆڕانکاری لە نینۆکەکاندا."
توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخستووە کە قژ هەڵوەرین یەکێکە لە کاریگەرییە لاوەکییە باوەکانی ئەم دەرمانانە، بەجۆرێک 50%ـی بەکارهێنەران تووشی بوون، لەکاتێکدا رێژەکە لەنێو ئەوانەی بەکاریان نەهێناوە 34% بووە.



.jpeg&w=3840&q=75)