رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆنێتیکەت لە ئەمریکا دەریدەخات،پەیوەندیی نێوان پرۆتینێکی تایبەتی گوێ و زیکەزیکی گوێ، رێگە بۆ پەرەپێدانی پشکنینی خوێن و دەرمانی نوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە خۆش دەکات.
پرۆفیسۆر د.کوروش پارهام، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: "ئێستا بەڵگەی پێویستمان هەیە کە پرۆتینێکی گوێ رەنگە رۆڵێکی سەرەکیی هەبێت لە پەرەسەندن و چارەسەرکردنی زیکەزیکی گوێ. ئەمە یەکەم هەنگاوی ئێمەیە بۆ پەرەپێدانی دەرمان بۆ یارمەتیدانی چارەسەرکردنی ئەم دۆخە."
توێژینەوەکە دەریخستووە، ئاستی بەرزی پرۆتینی "پرێستین" لە خوێنی ئەو کەسانەدا هەیە کە بەدەست زیکەزیکی گوێ دەناڵێنن. پرێستین، پرۆتینێکە کە رۆڵی هەیە لە کارکردنی خانەکانی مووی دەرەوەی کۆکلیا (بەشێکی ناوەوەی گوێ) و هەستیاریی بیستن رێکدەخات.
زیکەزیکی گوێ، حاڵەتێکی باوە کە بە زیکەزیک، دەنگەدەنگ یان لێدانی بەردەوام لە یەک یان هەردوو گوێدا دەناسرێتەوە و تەنیا ئەو کەسە هەستی پێدەکات کە تووشی بووە. ئەم حاڵەتە کاریگەریی لەسەر نزیکەی 11٪ی ئەمریکییەکان و 15٪ی دانیشتووانی جیهان هەیە.
پێشتر، پزیشکان پشتیان بە راپۆرتی نەخۆشەکان دەبەست بۆ هەڵسەنگاندنی تووندیی زیکەزیکی گوێ، بەڵام ئەم پشکنینە نوێیەی خوێن، کە لە رێگەی پێوانەکردنی ئاستی پرێستینەوە دەکرێت، یەکەم هەڵسەنگاندنی بابەتییانەیە بۆ ئەم کێشەیە.
.



